زیاتر لە 100 هەزار کەس داوای لێپرسینەوە لە سەرۆکی فیفا دەکەن

نەورۆز عوسمان 46 خولەک پێش ئێستا

پوختەی هەواڵ:

  • زیاتر لە 100 هەزار کەس واژۆیان لەسەر سکاڵایەک کردووە بۆ لێپرسینەوە لە جیانی ئینفانتینۆی سەرۆکی فیفا.
  • سکاڵاکە لەلایەن ڕێکخراوی «فێر سکوێر»ەوە پێشکەش کراوە و ئینفانتینۆ بە لایەنگری و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات تۆمەتبار کراوە.
  • لە سکاڵاکەدا باس لە بابەتی سڕینەوەی کارتە سوورەکەی بالۆگان، پێدانی خەڵاتی ئاشتیی فیفا بە ترەمپ و پرۆژەی فرۆشتنی پشکەکانی فیفا کراوە.
  • یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپا داوای ڕۆیشتنی ئینفانتینۆ دەکات، بەڵام فیفا تۆمەتەکان ڕەت دەکاتەوە و ئینفانتینۆش دەیەوێت خۆی بۆ خولێکی دیکە بەربژێر بکاتەوە.

فشارەکان بۆ سەر جیانی ئینفانتینۆی سەرۆکی فیفا تا دێت توندتر دەبنەوە، دوای ئەوەی زیاتر لە 100 هەزار کەس واژۆیان لەسەر سکاڵایەک کرد کە داوای لێپرسینەوەی لێ دەکەن.

ڕێکخراوی «فێر سکوێر» سکاڵاکەی ڕادەستی کۆمیتەی ڕەوشت و ڕەفتارەکانی سەر بە فیفا کردووە و تێیدا ئینفانتینۆ بە پێشێلکردنی بێلایەنیی سیاسی و خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی دۆناڵد ترەمپ تۆمەتبار دەکات.

سکاڵاکە هەشت بڕگە لەخۆ دەگرێت، لەوانە: هەڵوەشاندنەوەی کارتی سووری یاریزان فولارین بالۆگانی یاریزانی هەڵبژاردەی ئەمریکا لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکانی مۆندیال بەهۆی داواکاریی ترەمپەوە، هەروەها بەخشینی خەڵاتی ئاشتیی فیفا بە ترەمپ؛ سکاڵایەکی دیکەش بریتییە لە بەشداری لە ئەنجوومەنی ئاشتیی سەرۆکی ئەمریکا، هەروەها پرۆژەی مەترسیداری «فیفا فوروۆرد ئینتەرپڕایز» کە ناڕەزایەتیی گەورەی لەناو فیدراسیۆنەکاندا لێکەوتەوە و نزیک بوو بەشێک لە پشکەکانی فیفا بە برای زاوایەکی ترەمپ بفرۆشێت.

لە بەرامبەردا، فیفا تۆمەتەکانی ڕەت کردەوە و ڕایگەیاندووە کە ئەمانە «هەوڵێکی ڕێکخراون» بۆ لەکەدارکردنی ڕێکخراوەکە.

سەرەڕای فشاری توندی یەکێتیی ئەورووپا و داواکارییان بۆ دەستلەکارکێشانەوەی، فیفا پشتڕاستی کردەوە کە ئینفانتینۆ بەنیازە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتوودا خۆی بۆ خولێکی دیکە بەربژێر بکاتەوە.

نەورۆز عوسمان

46 خولەک پێش ئێستا