مۆرینیۆ میوانداریی ئەو یانەیە دەکات کە پێشتر چامپیۆنزلیگی بۆ بەدەستهێناون
ئەمشەو یارییەکانی گەڕی یەکەمی چامپیۆنزلیگ بۆ وەرزی 2026\2027 دەستپێدەکات، ملیۆنان هاندەریش لە سەرتاسەری جیهانەوە چاویان لەسەر یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ دەبێت.
داتا و ئامارەکان
ئەمشەو ریاڵ مەدریدی ئیسپانی کاتژمێر 22:00 بەکاتی هەرێمی کوردستان میوانداریی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی دەکات.
ڕیاڵ مەدرید لە ئامادەکارییەکی تەواودایە بۆ دەستپێکردنی کێبڕکێ ئەورووپییەکان لەناو یاریگای خۆیدا، هەرچەندە لە دوا یاریی ناوخۆییدا لە لالیگا تووشی شکستێکی چاوەڕواننەکراو بوو بەرامبەر ڕیال بێتیس ، ئەمەش کەمێک ڕەخنە و قسەی هاندەرانی بەدوای خۆیدا هێنا، چونکە یانەکە لەگەڵ گۆرانکاریی، گرێبەستە گەورەکان و گەڕانەوەی جۆزێ مۆرینیۆی ڕاهێنەر چاوەڕێی ئەنجامی گەورەتر و باشتریان لێدەکرێت.
شاهانەکان ئەمساڵ بە نیازی بەدەستهێنانەوەی نازناوی جامپیۆنزلیگ ڕکابەریی دەکەن، چونکە دوو وەرزە دوورن لە نازناوەکان و هەر یاریزانێکی ئەم یانەیەش تینووی کێبڕکێیە.
راستە بە دڕێژایی مێژوو شاهانەکان بە پادشای چامپیۆنزلیگ دادەنرێن، بەڵام لەگەڵ پێشکەوتنی سەردەم و گەورەبوونی یانەکانی دیکە، کیبڕکێکردن لە پاڵەوانێتییەکە هەروا ئاسان نابێت.
مێژووی ڕووبەڕووبونەوە
مۆرینیۆ ئەمشەو ڕووبەرووی ئەو یانەیە دەبێتەوە کە پێشتر مێژووی تێدا تۆمارکردووە، چونکە پێشتر هەر لە یاریگای بێرنابیۆ و ساڵی 2010 چامپیۆنزلیگی بۆ ئینتەرمیلان بردەوە، کە ئەوە دوایین چامپیۆنزلیگی یانەکەی ئیتاڵیا بوو.
ریاڵ مەدرید لە سەدەی 21دا چوارجار ڕووبەرووی ئینتەر بوونەتەوە و هەر چوار یارییەکەی بردووەتەوە، وە مارە شینەکانی ئینتەر دوایین سێ یارییان بە شاهانەکان دۆراندووە، بەڵام سەردەمی ئێستای ئینتەر لەگەڵ کریستیان چیڤوی ڕاهێنەر جیاوازە و بەهەمان شێوە بۆ جۆزێ مۆرینیۆ ئەو تیمەی ساڵی 2010 نییە تا بە ئاسانی خوێندنەوەی بۆ بکات، بۆیە ئەمشەو چاوەڕێی شەڕێکی سەختی تاکتیکی و هێز و توانای یاریزانان و ڕاهێنەرانی هەردوو جەمسەرەکە دەکرێت.
48 خولەک پێش ئێستا