بەکارهێنانی درۆن دژی هاوڵاتییان لە عێراق سزاکەی دەکرێتە لەسێدارەدان
پووختەی هەواڵەکە:
- ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای نوێی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەکات.
- بەپێی ڕەشنووسەکە، بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) و چەکی نایاسایی دژی هاوڵاتییان دەخرێتە خانەی سزای لەسێدارەدان.
- هاندانی شەڕی مەزهەبی و کۆچپێکردنی زۆرەملێ لە ڕیزی تاوانە تیرۆریستییە مەترسیدارەکاندا پۆلێن کراون.
- پڕۆژەیاساکە لە 23 ماددە پێکهاتووە و دەبێتە جێگرەوەی یاسای ژمارە 13ـی ساڵی 2005.
زانیارییەک گەیشتووەتە کەناڵ8 کە بەگوێرەی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای نوێی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، سزای لەسێدارەدان بەسەر هەر کەسێکدا دەسەپێندرێت چەکی قەدەغەکراو، بەتایبەت فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) دژی هاوڵاتییان بەکاربهێنێت. ئەم پڕۆژەیە گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە پێناسەی تاوانەکاندا دەکات و هۆکارانی شەڕی ناوخۆ و ئاوارەکردنی زۆرەملێ ڕووبەڕووی پەتی سێدارە دەکاتەوە، هاوکات شاردنەوەی زانیاری لەسەر کردەوەی تیرۆریستی دەکاتە تاوانێکی شایستەی زیندانیکردن.
لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی نوێنەران (ناوەڕۆکی ڕەشنووسەکە)
- پڕۆژەیاساکە لە ماددەی یەکەمدا پێناسەی نوێی بۆ "کەسی تیرۆریست" و "ڕێکخراوی تیرۆریستی" داڕشتووە تا گەشەسەندنی تەکنەلۆجیا و شێوازی نوێی تاوانەکان بگرێتەوە.
- بەکارهێنانی هەر چەکێکی نایاسایی لەوانەش فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) دژی خەڵک، سزاکەی دەبێتە لەسێدارەدان.
- بەپێی بڕگەی چوارەمی ماددەی 2، چەکدارکردنی خەڵک بۆ هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆ، تائیفی، یان کۆچپێکردنی زۆرەملێی هاوڵاتییان سزاکەی لەسێدارەدانە.
- هەر کەسێک زانیاری لەسەر ئامادەکاری یان ڕێککەوتنی کردەوەیەکی تیرۆریستی هەبێت و دەسەڵات ئاگادار نەکاتەوە، سزای زیندانیکردنی بەسەردا دەسەپێنرێت.
حکومەت و هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت
دەرکردنی ئەم یاسایە لەگەڵ هەوڵەکانی حکومەت بۆ داماڵینی چەکی گرووپەکان و ڕادەستکردنی بە دەوڵەت یەکدەگرێتەوە؛ پێشتریش هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت هۆشداری دابوو کە لە دوای 30ـی ئەیلوول، هەر چالاکییەکی چەکداری لە دەرەوەی دەسەڵاتی فەرمیی دەوڵەت، ڕاستەوخۆ بەپێی حوکمەکانی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
پاشخانی یاساکە
ئەم هەنگاوەی پەرلەمان بۆ جێگرتنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری ژمارە 13ـی ساڵی 2005ـە، کە تەنیا لە 5 ماددە پێکهاتبوو و وەڵامدەرەوەی گۆڕانکاری و ئاڵنگارییە ئەمنییەکانی ئێستا نەبوو.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
سەعد مەعن: عێراق و هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە ڕێککەوتنی ئەمنیی هاوبەش
3 کاتژمێر پێش ئێستا