خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای نوێی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەکرێت

مەعاز فەرحان 3 کاتژمێر پێش ئێستا
دیمەنی بەردەم باڵەخانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
دیمەنی بەردەم باڵەخانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

پووختەی هەواڵەکە:

  • ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەست دەکات بە خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای نوێی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
  • پڕۆژەیاساکە لە 23 ماددە پێکهاتووە و لەلایەن حکومەتی عێراقەوە ئاراستەی پەرلەمان کراوە.
  • سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی ڕایدەگەیەنێت ململانێ و هەڵوێستی حیزبەکان لە خوێندنەوەی دووەمدا دەردەکەوێت.
  • حکومەت دەیەوێت بەر لە 30ـی ئەیلوول یاساکە هاوشانی پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی پەسەند بکرێت.

زانیارییەک گەیشتووەتە کەناڵ8 کە حکومەتی عێراق هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە تاوەکو بەر لە 30ـی ئەیلوول پڕۆژەیاسای نوێی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە پەرلەمان تێپەڕێنێت. ئەم دەقە یاساییە کە لە 23 ماددە پێکهاتووە، ڕاستەوخۆ دەخرێتە بەردەم لیژنەی ئاسایش و بەرگری بۆ دیاریکردنی چارەنووسی، لە کاتێکدا فراکسیۆنە پەرلەمانییەکان ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەی لە خوێندنەوەی دووەمدا مەرج و داواکارییەکانی خۆیانی تێدا جێگیر بکەن.


هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بۆ کەناڵ8:

  • پاش خوێندنەوەی یەکەم، دەقی پڕۆژەیاساکە ڕەوانەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری دەکرێت تا ڕاپۆرتی تایبەتی لەسەر ئامادە بکرێت.
  • حیزبە سیاسییەکان لە ڕێگەی نوێنەرەکانیانەوە لەناو لیژنەکەدا کار لەسەر دەقەکە دەکەن و داواکارییەکانیان دەخەنە نێو پڕۆژەکە.
  • ململانێی چڕ و هەڵوێستی ڕاستەقینەی لایەنەکان لە کاتی خوێندنەوەی دووەم و سێیەمدا بە ڕوونی دەردەکەوێت کە کێ پشتیوانی لێدەکات و کێ دژی دەوەستێتەوە.
  • لە ئەگەری بوونی ناڕەزایەتی، بەپێی نەریتی پەرلەمانی لیژنەی تایبەتمەند دەست بە گفتوگۆ دەکات لەگەڵ لایەنە ناڕازییەکان تا دەگەنە دەقێکی هاوبەش.

حکومەتی عێراق

حکومەتی عێراق پڕۆژەیاساکەی ئامادە کردووە و پێداگری لەسەر ئەوە دەکات پێش 30ـی ئەیلوول و هاوشان لەگەڵ پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی دەنگی لەسەر بدرێت. ئامانجی دەسەڵاتی جێبەجێکردن ئەوەیە بە پەسەندکردنی ئەم یاسا نوێیە، ڕاستەوخۆ یاسای پێشووی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر هەڵبوەشێنێتەوە و یاسایەکی نوێ کە وەڵامدەرەوەی قۆناغەکە بێت جێگیر بکات.

زانیاری زیاتر بۆ تۆ

هێنیی ناکۆکییەکانی سەرۆکوەزیران و گرووپە شیعییەکان

مەعاز فەرحان

3 کاتژمێر پێش ئێستا