جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران نرخی نەوتی گەیاندە 100 دۆلار
پووختەی هەواڵەکە:
- نرخی بەرمیلێک نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهاندا گەیشتە 100 دۆلار بەهۆی هێرشکردنە سەر کەشتییە نەوتییەکان.
- سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند پێنج کەشتیی نەوتهەڵگری ئێرانیان لە کەنداودا تێکشکاندووە.
- سوپای پاسداران هێرشکردنە سەر دوو کەشتیی جەنگیی ئەمریکا و 18 کەشتیی دیکەی لە گەرووی هورمز ڕاگەیاند.
- بانکی جەی پی مۆرگان پێشبینی دەکات نرخی بەرمیلێک نەوتی خاو بگاتە 120 دۆلار.
بەهۆی پێکدادانی سەربازیی نێوان ئەمریکا و ئێران و کردنە ئامانجی کەشتییە نەوتییەکان لە ئاوەکانی کەنداو و گەرووی هورمز، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاو 100 دۆلاری تێپەڕاند. ئەم پەرەسەندنە ئەمنییە شڵەژانێکی گەورەی لە بازاڕەکانی جیهاندا دروستکردووە، لە کاتێکدا دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان هۆشداری دەدەن کە نرخی بەرمیلێک نەوت دەگاتە 120 دۆلار و لێکەوتەکەی ڕاستەوخۆ دەگاتە بازاڕە ناوخۆییەکانیش.
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم)
- سوپای ئەمریکا تێکشکاندنی 5 کەشتیی نەوتهەڵگری خاوی ئێرانی لە ئاوەکانی کەنداودا بە فەرمی ڕاگەیاند.
- سێنتکۆم دەڵێت ئەم هێرشانە وەڵامێک بوون بۆ سوپای پاسداران کە لە ماوەی 2 ڕۆژدا، 2 جار کەشتییەکی جەنگیی هێزی دەریایی ئەمریکای بە مووشەکی بالیستی کردبووە ئامانج.
- واشنتن جەخت لە پاراستنی ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان دەکاتەوە و ئاماژە بە مەترسیی مووشەکی و دەریاییەکانی تاران دەکات.
سوپای پاسدارانی ئێران
لە بەرامبەردا سوپای پاسداران ڕایگەیاندووە لە ئاوەکانی کەنداو هێرشیان کردووەتە سەر 2 کەشتیی جەنگیی ئەمریکا و 8 کەشتیی نەوتهەڵگر و زیانی گەورەیان پێگەیاندوون، وەک وەڵامدانەوە بۆ هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر 5 کەشتییەکەیان؛ هاوکات تاران ئاشکرای کردووە کە 10 کەشتیی دیکەشیان لە گەرووی هورمز پێکاوە کە بە هاندانی ئەمریکا هەوڵیانداوە بە ناوچەی قەدەغەکراودا تێپەڕن.
لێکەوتە داراییەکان لەسەر بازاڕ
ناوەندی دارایی جەی پی مۆرگان پێشبینی دەکات بەردەوامیی ئەم دۆخە لە گەرووی هورمز نرخی نەوت بۆ 120 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبکاتەوە؛ ئەم تەنگژەیە کاریگەریی لەسەر بازاڕی هەرێمی کوردستانیش دروستکردووە و نرخی یەک بەرمیل نەوتی سپی ماڵان لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا 300 هەزار دیناری تێپەڕاندووە.
زانیاریی زیاتر بۆ تۆ
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و زێڕ و پاشەکشەی بیتکۆین
هێرشەکانی ئەمریکا و وەڵامەکانی ئێران نرخی نەوتیان بەرزکردەوە
1 کاتژمێر پێش ئێستا