هەرێمی کوردستان داواکارییەکانی لە بودجە و نەوت گەیاندە بەغداد

مەعاز فەرحان 1 کاتژمێر پێش ئێستا
شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغداد
شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغداد

پووختەی هەواڵەکە:

  • شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغداد داوای بەرزکردنەوەی پشکی بودجەی لە %12.67ـەوە بۆ %14.1 کرد.
  • هەرێم داوای پشکی خۆی لە قەرز و هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان و بودجەی پترۆدۆلار دەکات.
  • لە کەرتی نەوتدا داوا کراوە 300 هەزار بەرمیل هەناردە و 140 هەزار بۆ ناوخۆ جێگیر بکرێت.
  • پاکێجەکە داواکاریی بەهەمیشەییکردنی گرێبەستەکان و 94 ملیار دیناری مانگانە بۆ پلەبەرزکردنەوە لەخۆدەگرێت.

زانیارییەک گەیشتووەتە کەناڵ8 کە لە میانەی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سێ وەزارەتی سەرەکیی عێراق، شاندی باڵای هەرێمی کوردستان پاکێجێکی 10 خاڵی بۆ جێگیرکردنی لە ڕەشنووسی بودجەی 2027 خستووەتەڕوو. داواکارییەکان بەرزکردنەوەی پشکی هەرێم بۆ 29 تریلیۆن دینار، وەرگرتنی بەشەهاوکاریی نێودەوڵەتی، و یەکلاکردنەوەی دۆسیەی نەوت و شایستە داراییەکانی مووچەخۆران لەخۆدەگرێت.


داواکارییە 10 خاڵییەکەی هەرێمی کوردستان

  • بەرزکردنەوەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق لە %12.67ـەوە بۆ %14.1 بەپێی ئاماری سەرژمێری، کە دەکاتە نزیکەی 29 تریلیۆن دینار.
  • پێدانی پشکی هەرێم لە قەرز، هاوکاری و بەخشینە نێودەوڵەتییەکان، هاوشانی تەرخانکراوی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و پترۆدۆلار.
  • جێگیرکردنی هەناردەی 300 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە و بەرزکردنەوەی پشکی ناوخۆ بۆ 140 هەزار بەرمیل، لەگەڵ گەڕاندنەوەی %50ـی داهاتی نانەوتی بۆ بەغداد.
  • تەرخانکردنی 94 ملیار دیناری مانگانە بۆ پلەبەرزکردنەوە، 2 تریلیۆن دینار بۆ قەرەبووی خانەنشینان، لەگەڵ دامەزراندنی 16 هەزار لە سێ یەکەمەکان و بەهەمیشەییکردنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست.

وەزارەتە فیدراڵییەکانی عێراق (دارایی، پلاندانان و نەوت)

شاندی هەرێم زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیرانی دارایی، نەوت و بەرپرسانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئەنجامداوە بۆ داڕشتنی بڕگەکانی بودجەی 2027؛ لە دۆسیەی نەوتدا تاوتوێی تێکڕای نەوتی هەناردەکراو و نرخی خەمڵێنراوی بەرمیلێک نەوت کراوە، هاوکات لە دۆسیەی وەبەرهێنان و قەرزە نێودەوڵەتییەکانیشدا، لایەنی عێراقی دەستیکردووە بە تاوتوێکردنی داواکارییەکان تاوەکو هاوبەشیی هەرێم لە قەرز و پابەندییە دەستوورییەکان بە شێوەیەکی یاسایی یەکلابکرێتەوە.

زانیاری زیاتر بۆ تۆ

وەزارەتی پلاندانان و شاندی هەرێمی کوردستان بودجەیان تاوتوێکرد

مەعاز فەرحان

1 کاتژمێر پێش ئێستا