ئازادکردنی 13 هەزار زیندانی بە لێبوردنی گشتی لە عێراق ڕاگەیێنرا

کیژان مەحمود 55 خولەک پێش ئێستا

پووختەی هەواڵەکە:

  • وەزارەتی دادی عێراق ئازادکردنی 13 هەزار و 103 زیندانی بە یاسای لێبوردنی گشتی ڕاگەیاند.
  • زیاتر لە 6 هەزار زیندانیی دیکە یاساکە دەیانگرێتەوە و ئامادەکاری بۆ ئازادکردنیان دەکرێت.
  • وەزارەتی داد دەڵێت هیچ حاڵەتێکی گەڕانەوە بۆ تاوان لەنێو ئازادکراوەکاندا تۆمار نەکراوە.
  • یاسای لێبوردنی گشتیی عێراق هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە و پڕۆژەیاسای هەرێم چاوەڕوانی پەرلەمانە.

زانیارییەک گەیشتووەتە بە کەناڵ8 کە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی یاسای لێبوردنی گشتی لە عێراق، زیاتر لە 13 هەزار زیندانی لە چاکسازییەکان ئازادکراون و ڕێکارە یاساییەکانیش بۆ ئازادکردنی نزیکەی 7 هەزار کەسی دیکە دەستیپێکردووە. وەزارەتی دادی عێراق جەخت دەکاتەوە کە هیچ حاڵەتێکی دووبارە ئەنجامدانی تاوان لە نێو ئازادکراوەکاندا تۆمار نەکراوە، لە کاتێکدا ئەم یاسایە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە.


وەزارەتی دادی عێراق (ئامار و وردەکارییەکان)

  • تاوەکو 7ـی ئەیلوولی ئەمساڵ، 13 هەزار و 103 زیندانی پاش تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان و وردبینی دادی ئازادکراون.
  • پڕۆسەی وردبینی بۆ 6 هەزار و 807 زیندانیی دیکە بەردەوامە و دوای تەواوبوونی ڕێکارە ئیدارییەکان ئەوانیش ئازاد دەکرێن.
  • لە نێو سەرجەم ئەو کەسانەی لە چاکسازییەکان ئازادکراون، هیچ حاڵەتێکی دووبارە ئەنجامدانەوەی تاوان یان گەڕانەوە بۆ ناو زیندان تۆمار نەکراوە.

جیاوازیی ئامارەکان و پێگەی هەرێمی کوردستان

ئەنجوومەنی باڵای دادوەری پێشتر ئازادکردنی 42 هەزار کەسی بەگوێرەی ئەم یاسایە ڕاگەیاندبوو؛ هۆکاری جیاوازیی ئامارەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەنجوومەنی دادوەری دەستبەسەرکراوانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆش ئەژمار دەکات، بەڵام وەزارەتی داد تەنیا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لە چاکسازییەکانی سەر بە خۆیدا بوون. هاوکات ئەم یاسایە کە لە 21ـی کانوونی دووەمی 2025 پەسەندکراوە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، بەهۆی ئەوەی لە ساڵی 2023ـەوە پڕۆژەیاسایەکی تایبەت بە هەرێم لە ئەنجوومەنی وەزیران ئامادەکراوە و بۆ دەنگدان لەسەری چاوەڕێی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستانە.

زانیاری زیاتر بۆ تۆ

مەشهەدانی داوای پەسەندکردنی پرۆژەیاسای لێبوردنی گشتی دەکات

کیژان مەحمود

55 خولەک پێش ئێستا