دانیشتنێکی نوێی دادگاییکردنی لاهوور جەنگی لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت
پووختەی هەواڵەکە:
- دادگای سلێمانی دانیشتنێکی نوێ بۆ دادگاییکردنی لاهوور جەنگی و هاوڕێکانی ئەنجام دەدات.
- دادبینییەکە بەپێی ماددەی 56ـی یاسای سزادانی عێراقی تایبەت بە تاوانی ڕێکخراو بەڕێوەدەچێت.
- لەم دانیشتنەدا گوتەی تۆمەتباران وەردەگیرێت و بەڵگەنامەکانی دانیشتنەکانی پێشوو تاوتوێ دەکرێن.
- لە کانوونی دووەمی 2026ـەوە دۆسیەکە بەردەوامە و لایەنگرانی داوای یەکلاکردنەوەی خێرای دەکەن.
دادگای کەتنی سلێمانی ئەمڕۆ دانیشتنێکی دیکەی دادگاییکردنی لاهوور جەنگی و هاوڕێکانی بەگوێرەی ماددەی 56ـی یاسای سزادانی عێراقی بەڕێوەدەبات. ئەم دانیشتنە بۆ وەرگرتنی وتەی تۆمەتباران و پێداچوونەوەیە بە بەڵگە پێشکەشکراوەکان، لە کاتێکدا دۆسیەکە بەهۆی ئاڵۆزیی ڕێکارە یاساییەکان و ژمارەی تۆمەتباران لە سەرەتای ساڵەوە درێژەی کێشاوە و یەکلانەکراوەتەوە.
تیمی پارێزەران و ڕێکارە یاساییەکانی دادگا
- دانا تەقیەدین، ئەندامی تیمی پارێزەرانی لاهوور جەنگی ڕایگەیاند" لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا دادگا چاو بە بەڵگەنامەکاندا دەخشێنێتەوە و گوتەی تۆمەتباران وەردەگرێت.
- پڕۆسەی دادبینییەکە لەسەر بنەمای ماددەی 56 لە یاسای سزادانی عێراقی بەڕێوەدەچێت.
- ماددەی 56 تایبەتە بەو کەسانەی لە پشت گرووپی تاوانکارییەوە بوون یان بە فەرمانی ئەوان تاوان ئەنجامدراوە بەبێ ئەوەی خۆیان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەستڕێژییان لێکردبێت.
قۆناغەکانی دادگاییکردن و کاردانەوەی لایەنگران
یەکەم دانیشتنی ئەم کەیسە لە 12ـی کانوونی دووەمی 2026 بەڕێوەچوو، بەڵام بەهۆی ئاڵۆزیی دۆسیەکە و ژمارەی تۆمەتباران تاوەکو ئێستا دادگا نەیتوانیوە بڕیاری کۆتایی دەربکات؛ لە بەرامبەر ئەم دواکەوتنەدا، لە 22ـی ئابی 2026 بەشێک لە لایەنگرانی لاهوور جەنگی لەبەردەم باڵەخانەی دادگای سلێمانی گردبوونەوە و داوایان کرد دادگا ڕێگری لە درێژەکێشانی دۆسیەکە بکات و بە زوویی یەکلایی بکاتەوە.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
دادگاییکردنی لاهوور جەنگی بورهان و 11 هاوڕێی لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت
دانیشتنی دادگایی لاهوور جەنگی بورهان و هاوکارەکانی بۆ کاتێکی دیکە دواخرا
2 کاتژمێر پێش ئێستا