لە یاریگەکانەوە بۆ سەر تەختى پادشایەتى

هەرێز جەمال 2 کاتژمێر پێش ئێستا

زۆرن ئەو گۆڕانکارییە چاوەڕواننەکراوانەی کە ڕەنگە لە یەک چرکەدا ژیانی مرۆڤ بگۆڕن، بەڵام کەمن ئەو ڕوداوانەی کە دەتوانن خاوەنەکەیان لە یاریگەکانی تۆپی پێوە بگەیەننە سەر تەختى پادشایەتی، و ئەمەش ئەو شتەیە کە بەسەر جۆرج دێزمۆند کامۆراسیی هات.

کامۆراسی کە پێشتر گۆڵپارێز ى ئۆگەندى بوو لە یەکێک لە خولەکانى ئینگلتەرا، لە چەند کاتژمێرێکی کەمدا خۆی لەبەردەم ڕاستییەکی نوێی تەواودا بینییەوە، دوا ئەوەی هەڵبژێردرا بۆ ئەوەی ببێتە پادشای گەلی تۆرۆ لە وڵاتى ئۆگەندا.

ڕۆژنامەی "مارکا"ی ئیسپانی بڵاوکردووەتەوە کە کامۆراسی، کە یاری بۆ یانەی "سی ئەی دۆنز" دەکات لە خولی ناوچەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئینگلتەرا، وەک پادشای گەلی تۆرۆ هەڵبژێردراوە کە لە ناوچەی ڕۆژئاوایی ئۆگەندا دەژین، لە نزیک سنوورەکانی کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ.

هەڵبژاردنی کامۆراسی لە رێگەی لیژنەیەکەوە بووە کە بە "ویلایەتی تخت" ناسراوە و لە21 ئەندام پێکهاتووە، 18لەو ئەندامانە بەشدارییان لە پرۆسەی دەنگداندا کردووە، بە جۆرێک کامۆراسی 15ەنگی بەدەستهێناوە و لە شەو و ڕۆژێکدا بووەتە پاشای نزیکەی 800 هەزار کەس.

کامۆراسی لە ئینگلتەرا لەدایک بووە و ڕەگەزنامەی بەریتانیی هەیە، بەڵام دەگەڕێتەوە سەر خێزانی پاشایەتی گەلی تۆرۆ و بووەتە میراتگری نوێی تخت پاش کۆچی دوایی ئامۆزاکەی ئۆیۆ نیێمبا کاپانبا ئێگۆرۆ ڕۆکیدی چوارەم، کە بە نەخۆشی شێرپەنجە لە تەمەنی 34ساڵیدا کۆچی دوایی کرد و تەرمەکەی لە12ی ئەیلولدا بەخاک دەسپێردرێت.

کامۆراسی تەمەنی36 ساڵە و یەکێکە لە ئەندامانی خێزانی پاشایەتی باپیتۆ، و کوڕی شازادە جۆرج دێزمۆند "جیمی" مۆگینییە.

"بیگ جی"، کە نازناوی کامۆراسییە، ئێستا لەبەردەم بڕیارێکی یەکلاکەرەوەدایە سەبارەت بە داهاتووی، دیار نییە کە ئایا ژیان لە ئینگلتەرا درێژە پێدەدات یان ڕوودەکاتە ئۆگەندا بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارێتییە نوێیەکانی، لە کاتێکدا پرسیار هەیە سەبارەت بە توانای نوێنەرایەتیکردنی گەلی تۆرۆ، سەرەڕای ئەوەی لە بەریتانیا گەورە بووە و ژیاوە.

هەرێز جەمال

2 کاتژمێر پێش ئێستا