یانەی کۆمۆ بەرامبەر هاندەرە بەتەمەنەکانی بەوەفا دەمێنێتەوە

مەستان حوسامەدین 2 کاتژمێر پێش ئێستا

پوختەی هەواڵ:

  • یانەی کۆمۆ بۆ یەکەمجار سەرکەوت بۆ چامپیۆنزلیگ
  • ئەمشەو لە چامپیۆنزلیگ میوانداریی لایپزیگی ئەڵمانی دەکەن
  • چەند هاندەرێک گلەییان کردبوو چونکە بلیتی یارییەکەیان دەست نەکەوتبوو
  • یانەکە ئەو هاندەرانەی قەرەبوو کردووە کە هاندەری دێرینن

کارگێڕیی یانەی کۆمۆی ئیتاڵی هەڵوێستێکی وەرزشی جوانی بەرامبەر هاندەرانی خۆی هەیە، کارگێڕیی یانەکە بڕیاریدا دەستبەرداری پشکی بلیتەکانی خۆی ببێت بۆ یارییەکەی ئەمشەو بەرامبەر لاپزیگی ئەڵمانی لە چمپیۆنزلیگ، ئەو بلیتانە پێشکەشی کۆنترین هاندەرانی یانەکەی بکات تاوەکو بتوانن ئامادەی یەکەم یاری مێژوویی یانەکە ببن لە چامپیۆنزلیگ.
ئەم دەستپێشخەرییە دوای ئەوە هات کە مێروان سوارسۆ، سەرۆکی یانەکە ناڕەزایەتی دەربڕی لەوەی ژمارەیەک لە هاندەرە دێرینەکان نەیانتوانیوە بلیتی یارییە مێژوویییەکە لە یاریگای سینیگالیا بەدەستبهێنن، کە خۆی یاریگاکە بچووکە و توانای لەخۆگرتنی هاندەری زۆری نییە، بەڵام سوارسۆ دەستبەرداری 4 بلیتی تایبەتی خۆی بوو ، ئینجا ئەندامانی دیکەی کارگێڕییەکە هەمان هەنگاویان نا، بەمەش زیاتر لە 40 بلیت بۆ وەفادارترین هاندەران دابینکرا، کە زۆربەیان تەمەنیان لە 70 ساڵ بەرەو سەرەوەیە.
لە نێو ئەو هاندەرانەی ئامادە دەبن، جێراردۆ ماندریسی (نزیكەی 80 ساڵ)، ماریۆ بوزێتی (90 ساڵ) و ئێنریکۆ کۆلۆمبۆ (81 ساڵ) هەن، کە لەلایەن یانەکەوە ئۆتۆمبێلی تایبەتی بۆ گواستنەوەیان بۆ دابینکراوە، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمۆدا دێت بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی لەگەڵ جەماوەرەکەیدا، هەم وەکو وەفایەک و ڕێزێک بۆ هاندەرە بەتەمەنەکانیان، چونکە لای ئیتاڵییەکان رێزگرتن لە بەساڵاچووان مۆرکێکی دیاری ئەو وڵاتەیە و بە ئەرکی سەرشانی خۆیانی دەزانن.

مەستان حوسامەدین

2 کاتژمێر پێش ئێستا