فەرەنسا پاڵپشتیی خۆی بۆ ئینفانتینۆ کێشایەوە
پوختەی هەواڵ:
- یەکێتیی تۆپی پێی فەرەنسا کۆتایی بە پاڵپشتیی 10 ساڵەی خۆی بۆ جیانی ئینفانتینۆی سەرۆکی فیفا هێنا.
- بڕیارەکە لە کاتێکدایە کە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرۆکایەتیی فیفا لە ڕێکەوتی 18ی ئازاری 2027 بەڕێوەدەچێت.
- هۆکاری بڕیارەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئینفانتینۆ بەنیاز بووە پرۆژەی «FIFA Forward Enterprise» جێبەجێ بکات و پشکەکانی فیفا بفرۆشێت.
- ئەم هەڵوێستەی فەرەنسییەکان پێچەوانەی هەڵوێستەکانی پێشووی فیلیپ دیالۆی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسایە کە پاڵپشتیی ئینفانتینۆ دەکات.
یەکێتیی تۆپی پێی فەرەنسا دوای زیاتر لە 10 ساڵ لە پشتگیریی بەردەوام، کۆتایی بە پاڵپشتیکردنی جیانی ئینفانتینۆ هێنا و لە هەڵبژاردنەکانی 18ی ئازاری 2027ی سەرۆکایەتیی فیفا بە هیچ شێوەیەک دەنگ بەو کەسایەتییە سویسرییە نادەن.
بەگوێرەی سەرچاوە فەرەنسییەکان لەنێوانیاندا ڕۆژنامەی «لومۆند»، ئەم بڕیارە بڕیارێکی چارەنووسسازە و دوای کۆبوونەوەیەکی درێژخایەنی کۆمیتەی جێبەجێکار دراوە و تەنانەت سەرجەم ئەندامەکان هاوهەڵوێست نەبوون؛ تێیاندا بووە دژی بڕیارەکە و تێشیاندا بووە پشتیوانی بڕیارەکە بووە، بەڵام سەرەنجام زۆرینە لەگەڵ بایکۆتکردنی ئینفانتینۆدا بوون.
فەرەنسا کە لە شوباتی 2016 ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە گەیشتنی ئەم بەرپرسە سویسری-ئیتاڵییە بە سەرۆکایەتیی فیفا، ئێستا متمانەیان پێی نەماوە و ئەمڕۆ بە فەرمی پشتیان تێکرد.
بنەمای ناکۆکیی نێوان ئینفانتینۆ و وەرزشکارە فەرەنسییەکان بۆ پرۆژەی «FIFA Forward Enterprise» دەگەڕێتەوە، کە ئامانجی دروستکردنی کۆمپانیایەکی بازرگانی و هێنانی وەبەرهێنانی کەرتی تایبەت بوو، کە پەیوەندییان بە خێزانی دۆناڵد ترەمپەوە هەبوو.
ئەم هەنگاوەی کاربەدەستانی تۆپی پێی فەرەنسا پێچەوانەی هەڵوێستی فیلیپ دیالۆی سەرۆکی یەکێتییەکەیە، کە لە حوزەیرانی ڕابردوودا لەگەڵ 200 بەرپرسی دیکەی جیهان نامەی پشتیوانیی بۆ ئینفانتینۆ ناردبوو.
2 کاتژمێر پێش ئێستا