شەڕکەرێک بەتەمایە لەگەڵ مەیموونی شەمپانزی زۆرانبازی بکات

نەورۆز عوسمان 2 کاتژمێر پێش ئێستا

پوختەی هەواڵ:

  • شەڕکەرێکی بواری (MMA) بەنیازە زۆرانبازی لەگەڵ مەیموونێکی جۆری شەمپانزی بکات.
  • جۆنسۆنی تەمەن 24 ساڵ بانگەشەی ئەوە دەکات کە توانای بەزاندنی شەمپانزییەکی پێگەیشتووی هەیە.
  • بابەتەکە لە گاڵتەوگەپەوە گۆڕاوە بۆ پرۆژەیەکی دارایی دوای پێشکەشکردنی ملیۆنان دۆلار.
  • ڕێکخەران ڕایدەگەیەنن کە بڕیارە ڕووبەڕووبوونەوەکە سبەی لە 11ی ئەیلوول بەڕێوەبچێت.
  • شارەزایان ئەم ڕووداوە وەک دەنگۆیەک بۆ بەرزکردنەوەی ناوبانگی جۆنسنی شەڕکەر دەبینن.

لە چەند کاتژمێری داهاتوودا ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ئەزموون نەکراو لەنێوان مرۆڤێک و مەیموونێکی شەمپانزی لە حەلەبەکانی (MMA) دەبینرێت.

کۆڵ جۆنسۆن، شەڕکەری (MMA) کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناوبانگی پەیدا کردووە، بەنیازە سبەی لە یەکێک لە حەلەبەکاندا لەگەڵ مەیموونێکی جۆری شەمپانزی شەڕ بکات.

ئەم بابەتە هەرایەکی زۆری لە ناوەندە وەرزشییەکان دروست کردووە، بەتایبەت ئەو سەرچاوە و میدیایانەی ڕۆڵی سەرەکییان گواستنەوەی یاریی هونەرە بەرگرییەکانە، لەم بارەیەشەوە جۆنسۆنی تەمەن 24 ساڵ لە ڤیدیۆیەکدا ڕایگەیاندووە کە توانای بەزاندنی شەمپانزییەکی پێگەیشتووی هەیە و یارییەکەش بە سەرپەرشتیی کەسانی شارەزا و پسپۆڕ ئەنجام دەدات.

سەرەتا ئەم بابەتە تەنیا گاڵتەوگەپێک بووە، بەڵام پێشنیازە داراییەکان لە 500 هەزار دۆلارەوە دەستیان پێکرد و گەیشتنە ملیۆنان دۆلار، ئەمەش بابەتەکەی کردە پڕۆژەیەکی بازرگانیی گەورە.

یارییەکە گرێنتی کراوە

ڕێکخەرانی یارییەکە ڕایانگەیاندووە کە ڕووبەڕووبوونەوەکە لە کات و وادەی دیاریکراودا لە ڕێکەوتی 11ی ئەیلوول (سبەی) بەڕێوەدەچێت، لە بەرامبەردا جۆنسۆن ئاماژەی بەوە کردووە کە یارییەکە هیچ مەترسییەکی نییە و ئامادەبووان پێویست ناکات دۆخی خۆیان تێکبدەن، چونکە گرێنتی ئەوەی کردووە لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکەدا کەسانی پسپۆڕ دەرزیی ئارامکەرەوەی خێرایان ئامادە کردووە بۆ ڕێگری لە هەر مەترسییەک.

شارەزایان و ڕێکخراوەکانی پاراستنی ئاژەڵانیش جەخت دەکەنەوە کە ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە بە هیچ شێوەیەک بە فەرمی بەڕێوە ناچێت، چونکە هیچ لایەنێکی وەرزشی ڕێگە بە کارێکی وەها مەترسیدار نادات.

لە کۆتاییدا شرۆڤەکاران پێیان وایە کە تەواوی ئەم ڕووداوە هەڵمەتێکی زیرەکانەی ڕێکخراوەکانە بۆ بەدەستهێنانی ناوبانگی دیجیتاڵی و پاڵپشتیکردنی پرۆژەکانی دراوی کریپتۆ کە بە ناوەکەیەوە بەستراونەتەوە.

نەورۆز عوسمان

2 کاتژمێر پێش ئێستا