جۆو بایدن داوا لە پیاوان دەکات پشکنینی پێشوەختە بکەن

گران جاف 56 خولەک پێش ئێستا

لە بڵاوکراوەیەکی پلاتفۆرمی ئێکسدا، جۆو بایدن، سەرۆکی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، باسی لە ئەزموونی خۆی لەگەڵ شێرپەنجەی پڕۆستات کردووە و هۆشیاریی تەندروستیی تایبەت بە نەخۆشییەکە خستووەتەڕوو.

دەقی بڵاوکراوەکەی جۆو بایدن:

ساڵانە لە مانگی ئەیلوولدا گرنگی بە هۆشیاریی تەندروستیی تایبەت بە شێرپەنجەی پڕۆستات دەدەین، بەڵام ئەمساڵ بۆ من جیاوازە.

ئەم ساڵ زیاتر لە 330 هەزار پیاو لە ئەمریکا گوێبیستی هەمان ئەو قسانە دەبن کە من ساڵی پار گوێبیستیان بووم، "شێرپەنجەی پڕۆستاتت هەیە".

ئەگەر شێرپەنجەی پڕۆستات زوو دەستنیشان بکرێت، ئەگەری مانەوەی تووشبووەکە لە پێنج ساڵی داهاتوودا نزیکە لە %100. کەواتە قسە لەگەڵ پزیشکەکەت بکە و پشتگوێی مەخە.

ئەگەر تۆ کەسێکی ئاساییت و مەترسییت کەمە، پێویستە لە تەمەنی 50 ساڵیدا لەگەڵ پزیشکەکەت لەسەر ئەم بابەتە گفتوگۆ بکەیت، ڕێنامەکانیش ئێستا دەڵێن پێویستە 2-4 ساڵ جارێک ئەم پشکنینە دووبارە بکرێتەوە.

ئەگەر تۆ پیاوێکی ڕەشپێستیت، پێویستە لە تەمەنی 45 ساڵی یان زووتریش دەستپێبکەیت، چونکە تۆ ئەگەری تووشبوونت بەم شێرپەنجەیە 70% زیاترە و ئەگەری مردنت بەهۆیەوە دوو بۆ چوار هێندە زیاترە.

ئەگەر براکەت یان باوکت ئەم نەخۆشییەیان هەیە/هەبووە، پێویستە لە تەمەنی 45 ساڵی یان زووتر دەستپێبکەیت.

من زۆر سوپاسگوزاری پزیشک و پەرستارەکانمم، چونکە یارمەتییەکی باشیان داوم لە کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکەمدا و بەردەوامن لە گرنگیپێدانم.

ئەو چارەسەرە تیشکییانەی پاییزی ڕابردوو وەرمگرتن کاری خۆیان کردووە و بەردەوام دەبم لە هەموو ئەو شتانەی پێویستە بیانکەم.

زۆر سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە هەواڵیان پرسیوم و بە بەردەوامی نزا بۆ من و خێزانەکەم دەکەن.

بەهیوام باسکردنی ئەزموونەکانمان لەگەڵ ئەم نەخۆشییە یارمەتیدەری پیاوانی دیکە بێت و ژیانیان ڕزگار بکات.

قسە لەگەڵ پزیشکەکەت بکە، پرسیارە قورسەکان بکە، بۆ خۆت و ئەو کەسانەی بکە کە خۆشیان دەوێیت.

خودا ئاگادارتان بێت.

گران جاف

56 خولەک پێش ئێستا