کێ مەترسیی لەسەرە بیستن لەدەستبدات؟
لەدەستدانی بیستن، چەندین هۆکاری هەیە. ئەو جۆرەی لەدەستدانی بیستن کە وردەوردە لەگەڵ تەمەندا دروستدەبێت، گرفتێکی باوە و بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، زیاتر لە ملیارێک کەس لە جیهاندا لە مەترسیدان بۆ تووشبوون بەو جۆرەی لەدەستدانی بیستن. رێکخراوەکە ئاماژە بەوەشدەکات، بڕی کەمتر لە 1.5 دۆلار وەبەرهێنان بۆ هەر تاکێک بەسە بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی گوێ و بیستن.
لەدەستدانی بیستن چۆنییەتی ژیان خراپتردەکات، ئەو کەسە بەساڵاچووانەی توانای بیستنیان کەمبووەتەوە، زیاتر تووشی خەمۆکی دەبن، ئەمەش لەبەرئەوەی لەدەستدانی بیستن، پەیوەندیکردن و گفتوگۆ لەگەڵ کەسانی چواردەوردا کەمدەکاتەوە.
هۆکارەکانی لەدەستدانی بیستن چین؟
بۆ تێگەیشتن لە هۆکارەکانی لەدەستدانی بیستن، دەبێت بزانرێت توێکاریی گوێ چۆنە، وەکو لە وێنەکەی خوارەوەدا دەردەکەوێت، گوێی مرۆڤ لە سێ بەش پێکدێت و هەریەک لەم بەشانە کاری جیاوازیان هەیە، بەشی دەرەوە و ناوەڕاستی گوێ دەنگ گەورەدەکەن و ئاڕاستەی گوێی ناوەوەی دەکەن، لەوێشەوە گوێی ناوەوە دەنگەکان لەرێگەی لەرینەوەوە دەکات بە ئاماژەی کارەبایی و دەینێرێت بۆ مێشک. بوونی گرفت لە هەریەکێک لەو بەشانەی گوێدا دەکرێت گرفتی بیستن دروستبکات. زانستی پزیشکی جۆرەکانی لەدەستدانی بیستنی کردووە بە سێ بەشەوە:
- لەدەستدانی بیستن بەهۆی گرفتی گەیاندنی دەنگەوە: لێرەدا گرفتەکە لە گوێی دەرەوە یان ناوەڕاستدا هەیە، واتە نەخۆشییەک لە کونی گوێ یان پەردەی گوێدایە، نموونەکانی ئەم جۆرە بریتینلە: کۆبوونەوەی مۆمی گوێ، هەوکردنی گوێ، گرێ، دڕانی پەردەی گوێ.
- لەدەستدانی بیستن بەهۆی گرفتی وەرگرتنی دەنگەوە: لێرەدا گرفتەکە لە گوێی ناوەوەدا هەیە، ئەمەیان زیاتر بەهۆی تەمەنەوە روودەدات، تێیدا خانەکانی گوێی ناوەوە زیانیان بەردەکەوێت و ناتوانن چیدی ئاماژەی کارەبایی دروستبکەن.
- لەدەستدانی بیستن بەهۆی گرفتی گەیاندن و وەرگرتنی دەنگەوە: لێرەدا گرفتەکە دەکرێت هەر سێ بەشەکەی گوێ بگرێتەوە، هۆکارەکانی دەکرێت زەبر یان بەساڵاچوون بێت.

نیشانەکانی لەدەستدانی بیستن
- کەمبوونەوە و کپبوونی دەنگەکان
- تێنەگەیشتن لە قسەی بەرامبەر، بەتایبەت لە ژوورێکی قەرەباڵغدا
- کەسی تو,شبوو زۆر تێکەڵاوی خەڵک نابێت
- گوێزرنگانەوە
- گوێگرتن لە رادیۆ و تەلەفزیۆن بە دەنگی بەرز
ئەو هۆکارانەی مەترسیی لەدەستدانی بیستن زیاتردەکەن
- تەمەن
- دەنگی بەرز
- بۆماوەیی
- هەندێک دەرمان، وەکو: دژەزیندەییەکان، ڤیاگرا و ئەسپرین
- هەندێک نەخۆشی، وەکو: هەوکردنی پەردەی مێشک
پەیوەندیی نێوان جۆری کار و لەدەستدانی بیستن چییە؟
هەندێك جۆری کار هەن دەنگی بەرزیان زۆر تێدایە، هەربۆیە ئەو کەسانەی ئەو جۆرە کارانە دەکەن مەترسیی لەدەستدانی بیستنیان زیاترە، بەگوێرەی رێنماییە تەندروستییەکان، باشترە بۆماوەیەکی زۆر گوێ لەو دەنگانە نەگیرێت کە لە 70 دێسیبڵ بەرزترن، نموونەی ئەو دەنگانە بریتینلە: ماتۆڕسکیل، مشاری کارەبایی، کۆنسێرت و دەنگی چەکەکان. لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە یاسا ماوەی کارکردن و بەرزیی دەنگ رێکخراوە، بۆ نموونە ئەو کەسانەی لە کاتی کارکردنیاندا گوێیان لە دەنگی 100 دێسیبڵی دەبێت، بۆیان نییە زیاتر لە دوو کاتژمێر لەو شوێنەدا کاربکەن.

چۆن رێگریی لە لەدەستدانی بیستن بکرێت؟
- پاراستنی گوێ: باشترین رێگە دووربوونە لە دەنگی بەرز، لەکاتی کارکردنیشدا واباشترە گوێبەندی پاراستن ببەسترێت، ئەو کەسانەی حەز و خولیای موزیکیان هەیە باشترە زووزوو پشوو وەربگرن یان بە دەنگێکی نزم گوێ لە موزیک بگرن
- پشکنینی گوێ: ئەو کەسانەی ماوەیەکی زۆر لەو کارانەدابوون کە دەنگی بەرزیان تێدابووە باشترە لای پزیشکی پسپۆڕ پشکنین بکەن
لەدەستدانی بیستن چۆن دەستنیشاندەکرێت؟
پزیشکی پسپۆڕ هەندێک پشکنینی گوێی چارەخوازەکە دەکات و لەو رێگەیەوە دەتوانێت بزانێت چ جۆرێکی لەدەستدانی بیستنی هەیە.
چارەسەرەکانی لەدەستدانی بیستن چین؟
بەگوێرەی هۆکارەکانی لەدەستدانی بیستن، چارەسەرەکانیش دەگۆڕێن، هەندێک لە چارەسەرەکان ئەمانەن:
- لابردنی مۆمی گوێ
- نەشتەرگەری
- بیستۆکی دەستکرد
- چاندنی پێچپێچۆک(حەلەزۆن)ی گوێی ناوەوە
27/11/2023