کەناڵ8 ناوەڕۆکى کۆبوونەوەى عەلى زەیدى و شاندى ئێزدییەکان بڵاودەکاتەوە
پووختەی هەواڵەکە:
- سەعید بەتۆش: پێویستە تایبەتمەندى یەکینەکانى بەرخۆدانی شنگال لەبەرچاو بگیرێت.
- سەعید بەتۆش: پێویستە هێزەکانی شنگال بە شێوازى لیوا تێکەڵ بە سوپاى عێراق بکرێن.
- سەعید بەتۆش: چەند لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان حکومەتی عێراق و ئیدارەی شنگال پێکدەهێنرێت.
سەعید بەتۆش، ئەندامى سەرکردایەتیى هاوپەیمانیی دۆزى ئێزدى و بەشداربووى کۆبوونەوەکە لەگەڵ عەلى زەیدى سەرۆکوەزیرانى عێراق بە کەناڵ8ى ڕاگەیاند، ئەو هێزانەى لە شنگالن، سەرجەمیان عێراقی و ئێزدین و ناوچە و خەڵکى خۆیان دەپارێزن پێویستە تایبەتمەندییان لەبەرچاو بگیرێت، عەلى زەیدى بەڵێنیداوە سەرجەمیان لە هێزە فەرمییەکان ڕێکبخرێنەوە و کەسێکى دڵخوازى ئێزدییەکان بکرێتە قایمقام نەک حاکمى سەربازی.
ڕوونکردنەوەی زانیاری لەسەر هێزەکانی پاراستنی شنگال بۆ سەرۆکوەزیران
- هێزەکانى پاراستنى شنگال 500 شەهیدیان داوە، خاوەنى دۆزى ڕەوان کە دۆزى ئێزدییەکانە.
- پرۆسەى تێکەڵکردنیان بە دامەزراوەکانى دەوڵەت ئاسان نییە، ئەم هێزە لە دواى چۆڵکردنى شنگال بۆ داعش، دامەزراوە نەک لەدەرەوە هێنرابێت.
- لە کۆبوونەوەکەدا ڕێکەوتن کراوە لیژنە دروستبکرێت بۆ پێدانى ماف و شایستەکانى کەسوکارى شەهیدان و بریندارەکان.
- داوایانکردووە وەک چۆن پێکهاتەکانى دیکە هێزى خۆیان هەیە، ئەم هێزەش وەک تایبەتمەندیی ئێزدییەکان بمێنێتەوە، ببنە لیوا و پارێزگارى لە ئێزدییەکان و شنگال بکەن و ڕێز لەو قوربانیدانە بگیرێت کە لە ڕابردوو داویەتى.
سەعید بەتۆش دەڵێت، بە عەلى زەیدییان گوتووە، هێزەکانى پاراستنى شنگال 500 شەهیدیان داوە، خاوەنى دۆزى ڕەوان کە دۆزى ئێزدییەکانە، پرۆسەى تێکەڵکردنیان بە دامەزراوەکانى دەوڵەت ئاسان نییە، ئەم هێزە لە دواى چۆڵکردنى شنگال بۆ داعش، دامەزراوە نەک لەدەرەوە هێنرابێت.
پێدانی ماف و شاستەکانی کەسوکاری شەهیدان و بریندارەکان
ئەندامەکەى سەرکردایەتیى هاوپەیمانیی دۆزى ئێزدى دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا ڕێکەوتن کراوە لیژنە دروستبکرێت بۆ پێدانى ماف و شایستەکانى کەسوکارى شەهیدان و بریندارەکان و داوایانکردووە وەک چۆن پێکهاتەکانى دیکە هێزى خۆیان هەیە، ئەم هێزەش وەک تایبەتمەندیی ئێزدییەکان بمێنێتەوە، ببنە لیوا و پارێزگارى لە ئێزدییەکان و شنگال بکەن و ڕێز لەو قوربانیدانە بگیرێت کە لە ڕابردوو داویەتى.
وردەکاری چۆنێتی تێکەڵکردنی هێزەکانی شنگال
لەبارەى چۆنییەتى تێکەڵکردنى هێزەکانى شنگال بە دامەزراوەکانى دەوڵەت سەعید بەتۆش دەڵێت، داوامانکردووە کە هێزەکانى ئاسایش و پۆلیس بچنە سەر وەزارەتى ناوخۆ و هێزەکانى دیکە لەسەر وەزارەتى بەرگرى بن بەڵام ئەرکیان پاراستنى شنگال بێت و هێزەکانى یەبەشە و یەژەشە و ئاسایش بگرێتەوە، هێزەکە هێزێکى ئێزدى سەر بە حکومەتى فیدراڵ بێت. دەشڵێت" بە عەلى زەیدیمان گوتووە، هێزەکانى چیاى شنگال هێزى عێراقین بەڵام ئێزدین، دەبێت بەهێزتربکرێن و بکرێنە فەرمى.
شنگال پێویستى بە گەڕاندنەوەى ئاوارەکان و ڕزگارکردنی دیلەکانە
سەعید بەتۆش لەبارەى داواکارییە ئیدارییەکانى شنگال دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا بە سەرۆکوەزیرانمان گوتوە، شنگال پێویستى بە گەڕاندنەوەى ئاوارەکان، ڕزگارکردنى دیلەکان، هەڵدانەوەى گۆڕەبەکۆمەڵەکان، قەرەبووکردنەوەى زیانلێکەوتووان و گەیاندنى خزمەتگوزارى هەیە و بەوهۆیەوە تاوەکو ئێستا 55 هەزار خێزانى شارەکە نەگەڕاونەتەوە و ئێزدییەکان لە 20% پارێزگاى موسڵ پێکدەهێنن بەڵام بەئەندازەى ئەو ڕێژەیە نوێنەرایەتییان نییە.
ئەندامى شاندەکە جەختدەکاتەوە، بەڕاشکاوى بە عەلى زەیدیان گوتووە، پێشتر چەند هێزێک خۆیان کردبووە خاوەنى ئێزدییەکان، جوگرافیا، بودجە، ئیدارە و دەنگى ئێزدییەکانیان بۆ خۆیان دەبرد، بۆخۆیان بەکاردەهێنا نەک بۆ ئێزدییەکان، گوتوشمانە" ئێمە خاوەنى ئێزدین و خۆمان بەخاوەنى کێشەکانى شنگال و خەڵکەکەى دەزانین نەک خەڵکى دەرەوەى ناوچەکە.
کەسێک لە خەڵکی شنگال دەکرێتە قایمقام
لەبارەى وەڵامەکانى عەلى زەیدى، بەتۆش دەڵێت، سەرۆکوەزیران گوتویەتى فەرماندەى سەربازى بۆ شنگال دانانرێت بەڵکو کەسێک لە خەڵکى شنگال دەکریتە قایمقام و زەیدى دڵنیاییداوە کەسێک لەو پۆستە دادەنرێت دڵخوازى ئێزدییەکان دەبێت، هێزەکانیش ڕێکدەخرێنەوە و دەخرێنە سەر دامەزراوە فەرمییەکان.
ئێوارەى 11 ئەیلول، عەلى زەیدى لەگەڵ نوێنەرایەتى ئێزدییەکان کۆبووەوە و لەپاش کۆبوونەوەکە، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال(یەبەشە)، چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت دەکەن و چیای شنگالیش بەتەواوی دەکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی فیدراڵییەوە.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
زەیدی: گرووپەکانی بەرگری لە شنگال چەکەکانیان ڕادەستی حکومەت دەکەن
3 کاتژمێر پێش ئێستا