ئێران حەوت مەرج بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز دیاریدەکات
پووختەی هەواڵەکە:
- تاران و مەسقەت گەیشتنە لێکتێگەیشتنێکی هونەری لەسەر دیاریکردنی ڕێڕەوەکانی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز.
- بەپێی ڕێککەوتنەکە، ڕێڕەوی هاتنەناوەوە و بەشێک لە دەرچوونی کەشتییەکان دەکەوێتە ناو ئاوی هەرێمیی ئێران.
- سەرچاوەیەکی ئێرانی دەڵێت گەرووی هورمز بە داخراوی دەمێنێتەوە تا ئەمریکا حەوت مەرج جێبەجێ دەکات.
- بڕیارە ڕۆژی دووشەممە ڕێککەوتنەکە بە ئامادەبوونی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کەنداو و عێراق ڕابگەیەنرێت.
میدیاکانی ئێران ناوەڕۆکی لێکتێگەیشتنێکی نێوان تاران و عوممانیان لەبارەی گەرووی هورمز ئاشکرا کردووە کە سەرپەرشتیکردنی تەواوی دەریاوانی لە گەرووەکە دەداتە ئێران. بەپێی لێکتێگەیشتنەکە ڕێڕەوی باشوور دادەخرێت و هاتوچۆی کەشتییەکان دەکەوێتە ژێر چاودێریی ئێران، لە هەمان کاتدا تاران ڕایگەیاندووە بەبێ جێبەجێکردنی 7 مەرج لەلایەن ئەمریکاوە، گەرووەکە بە داخراوی دەمێنێتەوە.
وردەکاریی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و عوممان (بەپێی ئاژانسی تەسنیم)
- ڕێڕەوی نوێی هاتنەناوەوە بۆ کەنداو و بەشێکی گەورەی ڕێڕەوی دەرچوونی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز دەکەونە ناو ئاوە هەرێمییەکانی ئێران.
- تەواوی هاتوچۆی دەریاوانی لەو ڕێڕەوە نوێیە بەپێی ڕێکخستن و ڕێنماییەکانی ئێران بەڕێوەدەچێت.
- ڕێڕەوی باشووری گەرووەکە بە تەواوی دادەخرێت، کە پێشتر واشنتن سوور بوو لەسەر کردنەوەی و ببووە هۆی دروستبوونی پێکدادانەکان.
- لێکتێگەیشتنەکە تەنیا لە نێوان تاران و مەسقەت واژۆ کراوە و بەشداریی وڵاتانی کەنداو و عێراق تەنیا بۆ ئاگاداربوونە لە ڕێڕەوە نوێیەکان.
حەوت مەرجەکەی ئێران بۆ واشنتن و چارەنووسی کردنەوەی گەرووەکە
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی تەسنیمی ڕاگەیاندووە کە ئەم لێکتێگەیشتنە بە هیچ شێوەیەک بە مانای کردنەوەی دەستبەجێی گەرووی هورمز نایەت، بەڵکو تاران لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە 7 مەرجی ئاراستەی واشنتن کردووە و تاوەکو لایەنی ئەمریکی مەرجەکان جێبەجێ نەکات گەرووەکە بە داخراوی دەمێنێتەوە؛ هاوکات بڕیارە ڕۆژی دووشەممە لە میانی کۆبوونەوەی فراوانی ئێران و وڵاتانی کەنداو لە عوممان لەبارەی ئاسایشی کەشتیوانی، ناوەڕۆکی ئەم ڕێککەوتنە بخەنەڕوو کە وەک سەپاندنی سەروەریی ئێران بەسەر گەرووەکەدا تەماشا دەکرێت.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
55 خولەک پێش ئێستا