کۆتینیۆ دەگەڕێتەوە و لە سانتۆس لەگەڵ نەیمار یاری دەکات
فلیپ کۆتینیۆ، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی بەڕازیل، دوای ماوەیەک دوورکەوتنەوە بەهۆی "ماندووبوونی دەروونییەوە"، گەڕایەوە نێو یاریگاکانی تۆپی پێ و لە یانەی سانتۆسی بەڕازیلی پەیوەندی بە نەیمار داسێلڤاوە کرد.
نەیمار پێشوازییەکی گەرمی لە هاوڕێ کۆنەکەی ناو هەڵبژاردەی سێلیساو کرد و لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک کە تێیدا کۆتینیۆی تەمەن 34 ساڵ لەگەڵ بەشێک لە ستافی راهێنەرانی سانتۆس دەردەکەوێت، نووسیویەتی: "براکەم، ئێمە زۆر دڵخۆشین بە بوونت لە لێرە. تیمەکەمان و هاندەرانمان پێشوازییەکی گەرمت لێدەکەن."
تاوەکو ئێستا یانەی سانتۆس بەفەرمی گرێبەستکردنی لەگەڵ ئەستێرەکەی پێشووی یانەکانی بەرشەلۆنە، لیڤەرپوول، ئینتەرمیلان و بایرن میونشن رانەگەیاندووە، لە کاتێکدا میدیا ناوخۆییەکانی بەڕازیل ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆتینیۆ هێشتا پێویستی بە ئەنجامدانی پشکنینە پزیشکییەکان هەیە. بەپێی راپۆرتە میدیاییەکانیش، گرێبەستەکەی ئەو یاریزانە لەگەڵ سانتۆس تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە دەبێت.
کۆتینیۆ لە مانگی شوباتی رابردووەوە بێ یانە بوو، ئەوەش دوای ئەوەی یانەی ڤاسکۆ داگاما هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی راگەیاند، کە ئەوکات یاریزانەکە هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە "لە رووی دەروونییەوە ماندووە".
2 کاتژمێر پێش ئێستا