نرخی نەوتی سپی لە هەولێر دەگاتە 330 هەزار دینار
پووختەی هەواڵەکە:
- نرخی یەک بەرمیل نەوتی سپی لە بازاڕەکانی هەولێر گەیشتە 330 هەزار و لە سلێمانی 280 هەزار دینارە.
- هەرێمی کوردستان بۆ وەرزی سەرما پێویستی بە زیاتر لە 275 ملیۆن لیتر نەوتی سپی هەیە.
- سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکان پێویستیان بە 125 ملیۆن لیتر نەوتە.
- وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە هەوڵی دابینکردنی نەوتی پاڵپشتیکراودایە لە ڕێگەی بەغدادەوە.
زانیارییەک گەیشتووەتە کەناڵ8 کە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی پایز و سەرما، نرخی نەوتی سپیی ماڵان لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەرزبوونەوەی بەرچاوی تۆمارکردووە و جیاوازیی نرخ لە نێوان هەولێر و سلێمانی دەگاتە 50 هەزار دینار بۆ هەر بەرمیلێک. لە کاتێکدا دابینکردنی نەوت لە بەنزینخانەکاندا بە شێوەیەکی سنووردارە، هاوڵاتییان چاوەڕوانی بڕیاری حکومەتن بۆ دەستپێکردنی دابەشکردنی نەوتی پاڵپشتیکراو.
نرخی نەوت لە بازاڕ و کێشەی بەنزینخانەکان
- لە بازاڕی هەولێر یەک بەرمیل نەوتی سپی (216 لیتر) گەیشتووەتە 330,000 دینار، لە کاتێکدا لە سلێمانی هەمان بڕ بە 280,000 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
- لە بەنزینخانەکان نرخی یەک لیتر نەوت بە 1,000 بۆ 1,200 دینار دیاریکراوە، بەڵام بە وتەی هاوڵاتییان و فرۆشیاران، لە زۆربەی بەنزینخانەکان نەوت بەردەست نییە.
- جیاوازیی نرخی نەوتی سپی تەنیا بۆ یەک بەرمیل لە نێوان هەولێر و سلێمانیدا گەیشتووەتە 50,000 دینار.
پێداویستیی هەرێم و هەوڵەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان
بەپێی ئامارەکان، لە هەرێمی کوردستان 1,379,163 خێزان هەن؛ ئەگەر بۆ هەر خێزانێک 200 لیتر دابین بکرێت، هەرێم پێویستی بە زیاتر لە 275 ملیۆن لیتر دەبێت، بەڵام بە هەژمارکردنی 400 لیتر بۆ ناوچە شاخاوییەکان، پێداویستییەکە دەگاتە نزیکەی 300 ملیۆن لیتر؛ هاوکات سەلام عومەر، گوتەبێژی نەوت و کانزاکانی سلێمانی ڕایگەیاند سنووری سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین پێویستیان بە 110 بۆ 125 ملیۆن لیتر هەیە، لە کاتێکدا وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە هەوڵی بەردەوامدایە لەگەڵ بەغداد تا هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو بە نرخی پاڵپشتیکراوی 103,500 دینار نەوت بۆ هاوڵاتییان دابین بکات.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
2 کاتژمێر پێش ئێستا