مانچێستەر ئەمڕۆ بە ڕەنگی سوور و شین دەڕازێتەوە
پوختەی هەواڵ:
- دێربیی مانچێستەر لە یاریگای ئۆڵد ترافۆرد بەڕێوەدەچێت
- مان سیتی لەگەڵ ئێنزۆ مارێسکا یەکەم دێربیی مانچێستەر ئەنجامدەدات
- سیتی بە کۆکردنەوەی 9 خاڵ پلەی دووەمی ڕیزبەندیی گرتووە
- مان یونایتد لە سێ یاریی ڕابردووی خولەکە بارودۆخی جێگیر نەبووە
ئەمڕۆ شاری مانچێستەر دەبێت بە دوو ڕەنگ، بە ڕەنگی سوور و شین شارەکە دەڕازێتەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشممە، کاتژمێر 18:30 بەکاتی هەرێمی کوردستان، یانەی مانچێستەر یونایتد لە یاریگای ئۆڵد ترافۆرد میوانداریی مانچێستەر سیتی دراوسێی دەکات.
یونایتد بە سەرپەرشتی مایکڵ کاریک وەرزی ڕابردوو کارێکیان کرد کە وایکرد جارێکی دیکە سام و ترس بۆ دۆزەخەکەی ئۆڵد ترافۆرد بگەڕێننەوە، یانەکە لە پلەکانی خوارەی ڕیزبەندیی بوو، لە ڕووی ئاست و ئەنجامەوە بارودۆخی خراپ بوو، ناچار مایکڵ کاریک وەکو راهێنەری کاتی سەرپەرشتی یانەکەی کرد، بەڵام چێژی یارییکردنی گەڕاندەوە بۆ هاندەرانی، تونایان بگەنەوە تۆپ 5ـی ڕیزبەندیی و تەنانەت دوای سێ ساڵ گەڕانەوە چامپیۆنزلیگ.
ئەوەی مایەی سەرسوڕمانە، سەڕەرای گۆڕانکاریی و گرێبەستە نوێیەکان، بەڵام یونایتد دەستپێکێکی خراپی لەم وەرزەی پرێمەرلیگ هەبووە، لە کۆی سێ یاریی بردنەوەیەک، شکستێک و یەکسانبوونێکی هەبووە، ئێستا بە کۆکردنەوەی چوار خاڵ پلەی 13ـی ڕیزبەندیی گرتووە.
لە بەرامبەردا مان سیتی، لەگەڵ ئێنزۆ مارێسکا سەردەمی نوێی دەستپێکردووە، هەر سێ یارییەکانی پرێمەرلیگی بردووەتەوە و بە 9 خاڵەوە پلەی دووەمی ڕیزبەندیی گرتووە.
دێربیی مانچێستەر هەرگیز ئاسان نییە و ڕکابەرییەکی سەخت بەخۆیەوە دەبینێت، ئەوەی خاڵی بەهێزی یونایتدە، کە لە وەرزی ڕابردووەوە رێژەی شووتیان بۆ ناو گۆڵی ڕکابەر و رێژەی بردنەوەیان لەگەڵ مایکڵ کاریکی راهێنەر بە رێژەی ٪70 بەراورد بە سەردەمی تین هاگ و روبن ئامۆریم زیادیکردووە، لە بەرامبەردا جەمسەری شینی سیتی درێخی نەکردووە لە پێسکەشکردنی ئاستێکی بەرز، تا ئێستا نۆ گۆڵیان لە ڕکابەرەکانیان کردووە و تەنیا دوو گۆڵیان لێکراوە.
بە درێژایی مێژووش، لە 188 یاری نیوانیان، یونایتد بە 76 بردنەوە و سیتی بە 60 بردنەوە باڵادەستن، 52 یەکسانبوونیش روویداوە، بە هەردوو جەمسەرەکەش 532 گۆڵ تۆمارکراوە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا