کەناڵ8 ساڵنامەی نوێی ساڵى 2026-2027ـى ناوەندەکانى خوێندن بڵاودەکاتەوە
پووختەی هەواڵەکە:
- ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردە ساڵنامەی ساڵی نوێی خوێندنی 2026-2027ـی بە فەرمی پەسەندکرد.
- وەرزی یەکەمی خوێندن لە 20ـی ئەیلوول دەستپێدەکات و لە 24ـی کانوونی یەکەم کۆتایی دێت.
- بەدواداچوونی تاقیگەیی کەناڵ8 دەریخست جلوبەرگی بازاڕ پێچەوانەی مەرجەکانی کوالێتیی پەروەردەیە.
- پشووی بەهارە 13 ڕۆژ دەبێت و تاقیکردنەوەی نیشتمانیی پۆلی 12 لە 31ـی ئایار دەستپێدەکات.
زانیارییەک گەیشتووەتە کەناڵ8 کە وەزارەتی پەروەردە خشتەی تەواوی دەستپێک، پشووەکان و تاقیکردنەوەکانی ساڵی نوێی خوێندنی 2026-2027ـی یەکلاکردووەتەوە. هاوکات لەگەڵ ئامادەکارییەکان، بەدواداچوونی مەیدانی و تاقیگەیی کەناڵ8 دەریخستووە زۆربەی ئەو جلوبەرگە یەکپۆشییانەی لە بازاڕەکاندا بە دایکوباوکان دەفرۆشرێن پێچەوانەی مەرجە فەرمییەکانن و لە فلتەری کوالێتی کۆنترۆڵ دەرنەچوون.
وادە و قۆناغەکانی ساڵنامەی نوێی خوێندن
- وەرزی یەکەمی خوێندن لە 20ـی ئەیلوول دەستپێدەکات و لە 24ـی کانوونی یەکەم کۆتایی دێت؛ تاقیکردنەوەکانی لە 15 بۆ 24ـی کانوونی یەکەم دەبن.
- پشووی سەری ساڵ لە 25ـی کانوونی یەکەم تاوەکو 3ـی کانوونی دووەم (9 ڕۆژ) دەبێت و پشووی بەهارەش لە 11 بۆ 23ـی ئازار (13 ڕۆژ) دیاریکراوە.
- وەرزی دووەم لە 3ـی کانوونی دووەم دەستپێدەکات و لە 13ـی ئایار کۆتایی دێت، و تاقیکردنەوەی پۆلە ناکۆتاکان لە 2 بۆ 13ـی ئایار دەبێت.
- تاقیکردنەوەی نیشتمانیی قۆناغی 12ـی ئامادەیی لە 31ـی ئایار دەستپێدەکات و لە 24ـی حوزەیران کۆتایی دێت.
بەدواداچوونی کەناڵ8 بۆ کوالێتی جلوبەرگی قوتابیان
بەپێی بڕیاری وەزارەتی پەروەردە، پێویستە قوماشی جلوبەرگی یەکپۆشیی قوتابیان بە ڕێژەی %70 لە لۆکە و %30 لە پۆلیستەر پێکبێت؛ پەیامنێری کەناڵ8 چەندین نموونەی لە بازاڕەکان وەرگرت و لە تاقیگەی کۆنترۆڵی جۆری پشکنینی بۆ ئەنجامدان، دەرکەوت زۆربەی جلوبەرگە هاوردەکراوەکانی تورکیا و چین نەک هەر لەگەڵ ڕێنماییەکان ناگونجێن، بەڵکو کوالێتییان زۆر نزمە و بەبێ فلتەری کۆنترۆڵی جۆری گەیشتوونەتە بازاڕ، ئەمەش خێزانەکانی لە کاتی کڕیندا ڕووبەڕووی بارگرانیی دارایی و جیاوازیی گەورەی نرخ کردووەتەوە.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
وەزیرى پەروەردە: زیاتر لە 1 ملیۆن و 750 هەزار خوێندکار لە خوێندنگە حکومییەکاندا دەخوێنن
2 کاتژمێر پێش ئێستا