جیاوازیی نێوان بەکارهێنەر و ئالوودەبووی ماددەی هۆشبەر
گران جاف 2 کاتژمێر پێش ئێستا
بە گوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، 316 ملیۆن کەس لە جیهاندا ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنن، بەڵام 64 ملیۆن کەسیان ئالوودەبووی ئەم ماددانەن.
بۆ جیاکردنەوەی ئەو کەسانەی بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەرن لەگەڵ ئەو کەسانەی کە ئالوودەی بوون، پزیشكانی پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان ئەم مەرج و خاڵانە بەکاردەهێنن:
- کەسەکە بۆ ماوەیەکی زیاتر لەوەی پلانی بۆ دانابوو دەرمانەکە بەکاردەهێنێت و بڕێکی زیاتریش بەکاردەهێنێت
- هەوڵی وازهێنانی داوە بەڵام سەرکەوتوو نەبووە و گەڕاوەتەوە سەر بەکارهێنانی دەرمانەکە
- کاتێکی زۆری لە هەوڵی دەستکەوتن و بەکارهێنانی ئەم دەرمانانە بەفیڕۆدەچێت، زۆرجار کات بە گەڕان بەدوایدا بەفیڕۆ دەدات و دەستیشی ناکەوێت
- پێویستی بە دەرمانەکە دەبێت و جەستە و مێشکی داوای دەکات
- ناتوانێت بەباشی کار بکات، بخوێنێت یان کات لەگەڵ خێزانەکەی بەسەر ببات
- سەرەڕای هەموو گرفتە کۆمەڵایەتییەکان کە بۆی دروستدەکات، هێشتا بەردەوامە لە بەکارهێنانی دەرمانەکە
- چیدی ئەو کارانە ناکات کە پێشتر دڵی پێی خۆشبوو و سەردانی بۆنە کۆمەڵایەتییەکان ناکات
- دەرمانەکە لەکاتی مەترسیداردا بەکاردەهێنێت، بۆ نموونە لە کاتی شۆفێریکردندا
- بەردەوامبوون لەسەر دەرمانەکە وادەکات کەسەکە دۆخی دەروون و تەندروستیی جەستەی خراپتر ببێت
- پێویستی بە بڕێکی زیاتر لە دەرمانەکە هەیە بۆئەوەی هەمان چێژی سەرەتای پێبدات
- کاتێک واز لە بەکارهێنانی دەرمانەکە دەهێنێت، نیشانەی وازهێنانی تێدا دەردەکەوێت و هەوڵی بەکارهێنانەوەی دەرمانەکە دەدات
پزیشکان دەڵێن:
- ئەگەر کەسێک دوو بۆ سێ دانە لەم خاڵانەی سەرەوەی تێدا بێت، ئەوا ئالوودەبوونی سادەی هەیە
- ئەگەر کەسەکە چوار بۆ پێنج خاڵی تێدابوو، حاڵەتەکەی مامناوەندە
- ئەگەر کەسەکە شەش یان زیاتری لەم خاڵانە تێدابوو، ئەوا حاڵەتەکەی توندە و پێی دەگوترێت ئالوودەبوو

گران جاف
2 کاتژمێر پێش ئێستا