خولی ڕاهێنەرایەتی لە ڕاپەڕین دەستی پێکرد
بە بەشداری 44 ڕاهێنەر بەڕێوەدەچێت
بۆ ماوەی 6 ڕۆژ بەردەوام دەبێت
بە سەرپەرشتی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان و بە چاودێری ڕاستەوخۆی بەڕێوەبەرایەتی وەرزشی ڕاپەڕین، خولێکی زانستی و ڕاهێنان بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی ئاستی C بەڕێوەدەچێت، کە تایبەتە بە ڕاهێنەرانی سنوری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین و ناوچەکانی دەوروبەری.
ئەم خولە وەرزشییە گرنگە، کە بە بەشداری 44 ڕاهێنەر بەڕێوەدەچێت بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەکە، لەلایەن ڕاهێنەر و شارەزای دیاری وەرزشی کاپتن خەسرۆ گورون وەک وانەبێژی سەرەکی پێشکەش دەکرێت.

چالاکییەکانی خولەکە لە ئەمڕۆ سێشەممە، دەستیپێکردووە و بۆ ماوەی 6 ڕۆژ بەردەوام دەبێت، پرۆگرامی ئەم خولە بەشێوازێکی تۆکمە و هاوچەرخ داڕێژراوە، بەجۆرێک کە بەشێکی تایبەت کراوە بە وانە تیۆرییەکان لە هۆڵەکاندا بۆ شیكردنەوەی یاسا و تەکتیکەکانی یاری، و بەشەکەی تریشی تەرخان کراوە بۆ ڕاهێنانی پڕاکتیکی و کرداری لەسەر زەمینەی یاریگا تاوەکو بەشداربووان بتوانن زانیارییەکان بەڕاستەوخۆ جێبەجێ بڕیار بدەن. ئامانجی سەرەکی لە ڕێکخستنی ئەم خولە، بەرزکردنەوەی توانای زانستی و تەکنیکی ڕاهێنەران، هاوچەرخکردنی ئاستی ڕاهێنەرایەتی لە سنورەکە و پێگەیاندنی نەوەیەکی نوێی وەرزشکارانە لەسەر بنەما زانستی و وەرزشییە دروستەکان.

15 خولەک پێش ئێستا