پاڵەوانێتیی گۆڕەپان و مەیدانی 2029 لە ئەفریقا دەکرێت
پوختەی هەواڵ:
- نایرۆبیی پایتەختی کینیا وەک یەکەم شاری ئەفریقی لە مێژوودا مافی میوانداریکردنی پاڵەوانێتیی جیهانیی گۆڕەپان و مەیدانی 2029ی بەدەست هێنا.
- شاری میونشن لە ئەڵمانیا میوانداریی وەشانی ساڵی 2031ی پاڵەوانێتییەکە دەکات.
- نایرۆبی دوای ڕکابەرییەکی بەهێز لەگەڵ شارەکانی لەندەن، ڕۆما و میونشن توانی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.
- یاریگەی کاسارانی لە نایرۆبی بەپێی ستانداردە نوێیەکان لەژێر نۆژەنکردنەوەدایە بۆ ئامادەکاریی ڕووداوە وەرزشییە گەورەکان و ئەم پاڵەوانێتییەی گۆڕەپان و مەیدان.
یەکێتیی نێودەوڵەتیی یارییەکانی گۆڕەپان و مەیدان ڕایگەیاند کە شاری نایرۆبیی پایتەختی کینیا میوانداریی پاڵەوانێتیی جیهانیی یارییەکانی گۆڕەپان و مەیدانی ساڵی 2029 دەکات، کە ئەمەش یەکەم جارە ڕووداوێکی لەم شێوەیە لە کیشوەری ئەفریقا بەڕێوە بچێت، هەروەها دیاریکردنی شاری میونشنی ئەڵمانی بۆ وەشانی ساڵی 2031 پشتڕاست کرایەوە.
سیباستیان کۆ، سەرۆکی یەکێتیی نێودەوڵەتیی گۆڕەپان و مەیدان ئاماژەی بەوە کرد کە بڕیارەکە دوای ڕکابەرییەکی توند لەنێوان چوار شاری جیهانی (نایرۆبی، میونشن، لەندەن و ڕۆما) دراوە.
ناوبراو جەختی کردەوە کە سازکردنی ئەم پاڵەوانێتییە بۆ ئەفریقا ڕووداوێکی مێژووییە و نایرۆبی دۆسیەیەکی بەهێزی پێشکەش کردووە کە شایستەی ئەم دەرفەتە بووە.
کینیا پێشتر میوانداریی پاڵەوانێتیی ڕاکردنی بەربەستەکانی 2007، پاڵەوانێتیی جیهانیی خوار 18 ساڵ لە 2017 و خوار 20 ساڵ لە 2021 کردووە، لە ئێستاشدا یاریگەی کاسارانی لە نایرۆبی نۆژەنکردنەوەی تەواوی بۆ دەکرێت تاوەکو بەتەواوی ئامادە بێت بۆ ڕێکخستنی پاڵەوانێتیی گۆڕەپان و مەیدانی جیهان.
3 کاتژمێر پێش ئێستا