هاوسەرەکەی ڕۆناڵد کۆمان کۆچی دوایی کرد
پوختەی هەواڵ:
- بارتینا کۆمان، هاوسەری ڕۆناڵد کۆمانی ڕاهێنەری پێشووی هۆڵەندا لە تەمەنی 65 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
- کۆچی دوایی بارتینا دوای ململانێیەکی درێژخایەن هات لەگەڵ نەخۆشیی شێرپەنجە کە لە ساڵی 2010وە دووچاری بووە.
- کۆمان لەڕێی پەیامێکی کاریگەرەوە لە ئینستاگرام، ماڵئاوایی لە هاوسەر و دایکی منداڵەکانی کرد.
- کۆمان سێ مانگ لەمەوبەر بەهۆی تێکچوونی تەندروستیی هاوسەرەکەی، دەستی لە ڕاهێنەرایەتیی هۆڵەندا کێشابووەوە.
ڕۆناڵد کۆمانی ڕاهێنەری پێشووی هەڵبژاردەی هۆڵەندا، کەشێکی خەمناکی لە ناوەندە وەرزشییەکانی وڵاتەکەیدا دروست کرد و کۆچی دوایی بارتینا کۆمانی هاوسەری لە تەمەنی 65 ساڵیدا ڕاگەیاند، کە دوای ململانێیەکی درێژخایەن لەگەڵ نەخۆشیی شێرپەنجە گیانی لەدەستدا.
کۆمان لە هەژماری خۆی لە ئینستاگرام، وێنەیەکی ڕەش و سپیی خۆی و هاوسەرەکەی بڵاوکردەوە و هاوسۆزیی خۆی دەربڕی و نووسیویەتی: «بە خەمێکی قووڵ و بە شانازی و خۆشەویستییەکی زۆرەوە، ماڵئاوایی لە هاوسەری ئازیز و دایک و داپیرە خۆشەویستەکەمان دەکەین.»
بارتینا لە ساڵی 1985ەوە لەگەڵ کۆمان هاوسەرگیریی کردبوو، لە ساڵی 2010 تووشی شێرپەنجەی مەمک بوو و دوای بارودۆخێکی سەخت لەگەڵ نەخۆشییەکە، کۆچی دوایی کرد و سێ منداڵ و پێنج نەوەی لەدوای خۆی جێهێشت.
ئەم ڕووداوە دوای کەمتر لە سێ مانگ لە دەستلەکارکێشانەوەی کۆمان لە ڕاهێنەرایەتیی هۆڵەندا دێت، کە ئەو کات ئاماژەی بەوە کردبوو کە تەندروستیی کەسە نزیکەکانی لە هەموو شتێک گرنگترە.
لە بەرامبەر ئەم هەواڵەدا، یەکێتیی تۆپی پێی هۆڵەندا و یانەکان، هاوخەمیی قووڵی خۆیان بۆ کۆمان و خێزانەکەی دەربڕی.
2 کاتژمێر پێش ئێستا