ئەنجوومەنی وەزیران: حکومەتی فیدراڵ پابەند بێت بە ڕێژەی 14.14%ـی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان
پووختەی هەواڵەکە:
- ئەنجوومەنی وەزیران: ڕێژەى %12.68 بۆ دانیشتووانى هەرێمى کوردستان ڕەت دەکەینەوە
- ئەنجوومەنی وەزیران: شاندى دانوستانکار لە گفتوگۆکانى لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ بەردەوام دەبێت
- ئەنجوومەنی وەزیران: مووچە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا خەرجبکرێت
ئەنجوومەنی وەزیرانی کاربەڕێکەر داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات پابەند بێت بە ڕێژەی 14.14%ـی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان و لەسەر ئەو بنەمایە شایستە داراییەکان دیاریبکرێن، جەختیش لە دەستپێکى دەوامى خوێندن لە وادەى دیاریکراودا کردەوە.
دیارترین ئەو بڕگە و بابەتانەی تاوتوێکراون
- هەر یەک لە وەزیرانی خوێندنی باڵا و پەروەردە، ڕاپۆرتێکیان سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی وەزارەتەکانیان بۆ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی 2027-2026 پێشکەش کرد.
- ئەنجوومەنی وەزیران جەختی لەسەر دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا و بەشێوەیەکی ڕێکخراو کردەوە.
- وەزیری پلاندانان ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە نووسراو و بڕیارەکانی ئەمدواییەی حکومەتی فیدڕاڵی سەبارەت بە ئەنجامەکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان و نیشتەجێبوونی ساڵی 2024 خستەڕوو.
- تاوتوێکردنی ئەنجامی فەرمی و پەسەندکراوی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان و نیشتەجێبوون، ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانی کە بە %14.14٪ دیاریکردووە، وەک بەڵگەیەکی یاسایی بۆ مافەکانی هەرێمی کوردستان.
- لە دوا بڕگەی کۆبوونەوەدا، ئەندامانی شاندی باڵای دانوستانکار، ئەنجامی دوا کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی شاندیان لە بەغداد خستەڕوو.
کۆبوونەوەى بە ئامادەبوونى مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی بەڕێوەچوو، لە بڕگەی یەکەمدا، هەر یەک لە وەزیرانی خوێندنی باڵا و پەروەردە، ڕاپۆرتێکیان سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی وەزارەتەکانیان بۆ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی 2027-2026 پێشکەش کرد.
دوای تاوتوێکردنی ڕاپۆرتەکان، ئەنجوومەنی وەزیران جەختی لەسەر دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا و بەشێوەیەکی ڕێکخراو کردەوە.
لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەدا، وەزیری پلاندانان ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە نووسراو و بڕیارەکانی ئەمدواییەی حکومەتی فیدڕاڵی سەبارەت بە ئەنجامەکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان و نیشتەجێبوونی ساڵی 2024 خستەڕوو، بە تایبەتی بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای دانیشتووانی عێراق کە ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانی بە %12.68 دیاریکردووە.
ئەنجوومەنی وەزیران،، ئەم ڕێژەیە ڕەت دەکاتەوە، لەبەرئەوەی ئەنجامی فەرمی و پەسەندکراوی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان و نیشتەجێبوون، ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانی بە %14.14٪ دیاریکردووە.
ئەنجوومەنی وەزیران جەختی لەوەکردەوە کە دیاریکردنی ڕێژەی ڕاست و فەرمیی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، بابەتێکی بنەڕەتییە؛ جگە لە پشک و شایستە داراییەکان کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئاستی بەشداری و نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە ئەنجوومەن و دەستە هەڵبژێردراوە فیدڕاڵییەکان، سەرۆکایەتی و دامەزراوە و دەستە دەستووری و فیدڕاڵییەکان و هەروەها نوێنەرایەتیی دیپلۆماسیی عێراق لە دەرەوەی وڵات هەیە.
لە دوا بڕگەی کۆبوونەوەدا، ئەندامانی شاندی باڵای دانوستانکار، ئەنجامی دوا کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی شاندیان لە بەغداد خستەڕوو.
شاندەکە وردەکاریی گفتوگۆکان و هەوڵەکانی حکومەتی کاربەرێکەرى بۆ جێگیرکردنی پشک و شایستە دارایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 خستەڕوو، بە تایبەتی لە بابەتی مووچە و شایستە دارایییەکانی مووچەخۆران، دیاریکردنی پشکی هەرێمى کوردستان، خەرجییە سیادی و حاکمەکان و شێوازی هەژمارکردنیان، قەرز و هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان، داهاتی نەوتی و نانەوتی و پشک و بەشداریی هەرێم لە خەرجی، پڕۆژە و بەرنامە فیدڕاڵییەکان.
تاوتوێکردنی کۆتوبەندەکانی بەردەم مادەکانی یاسای بودجەی فیدراڵی
لە بەشێکی دیکەی ئەم بڕگەیەدا، ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران ئەو کۆتوبەند و مەرج و پابەندییانەی ناو بڕگە و ماددەکانی یاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵیی ساڵانی پێشووی خستەڕوو، کە لە جێبەجێکردندا بوونەتە هۆی کەمکردنەوە یان ڕێگری لە بەدەستهێنانی تەواوی شایستە دارایییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
شیکردنەوەی خەرجی ڕاستەقینە و زیادبوونی خەرجییە سیادییەکان
لەو چوارچێوەیەدا، ئاماژەی بە بەکارهێنانی پێوەری «خەرجیی ڕاستەقینە» (الإنفاق الفعلي) لە هەژمارکردنی پشکی هەرێم، زیادبوونی بڕگە و قەبارەی خەرجییە سیادییەکان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئەم خەرجییانە لە کۆی گشتیی خەرجییەکانی دەوڵەت کرد، کە لە ساڵانی پێشوودا کاریگەریی نەرێنییان لەسەر قەبارەی پشک و شایستە دارایییەکانی هەرێمی کوردستان هەبووە.
جەختکردنەوە لە مافی مووچەخۆران و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی حکومەتی فیدراڵی
هەر لە کۆبوونەوەکەدا جەخت کرایەوە کە مووچە شایستەیەکی دارایی و یاساییی مووچەخۆرانە؛ بۆیە پێویستە ماف و شایستە داراییەکانی مووچەخۆران لەسەر بنەمای یەکسانی و بەبێ جیاوازی، هاوشێوەی هاوتاکانیان لە دامەزراوەکانی حکومەتی فیدڕاڵ دابین بکرێت و مووچەکانیان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا خەرج بکرێت.
جەختکردنەوە لە بەردەوامی گفتوگۆکان لەگەل حکومەتی فیدراڵی
ئەنجوومەنی وەزیران، دوای گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنی ئەنجامی دانوستانەکان، جەختی لە بەردەوامبوونی گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ کردەوە، بەمەبەستی ئەوەی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 لەسەر بنەمای دەستوور، یاسا پەیوەندیدارە فیدڕاڵییەکان و بڕیارە پابەندکەرەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی دابڕێژرێت و پشک و شایستە دارایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی ڕوون و دادپەروەرانە تێیدا جێگیر بکرێت.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم پرۆسەی لەجیاتیدانانی فەرمانبەران کارا دەکاتەوە
ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان بودجەی 2027 و ساڵی خوێندن تاوتوێدەکات
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ دۆسیەی بەغداد و سەرژمێری كۆدەبێتەوە
ڕێباز حەملان: مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان گرەنتی کراوە
2 کاتژمێر پێش ئێستا