ڕۆژمێری فۆرمولا 1 بۆ وەرزی 2027 ڕاگەیەندرا
فۆرمولا 1 و فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ئۆتۆمبێل (FIA) دوای پەسەندکردنی لەلایەن ئەنجومەنی جیهانیی وەرزشی ئۆتۆمبێلسازییەوە، خشتەی ڕەسمیی پاڵەوانێتی جیهانیی فۆرمولا 1ی بۆ وەرزی 2027 ڕاگەیاند، کە پێکهاتووە لە 24 پێشبڕکێی گەورە لە 22 وڵاتی جیاواز و 10 پێشبڕکێی سپڕینت، واتە پێشبڕکێی خێرا.
پوختەی هەواڵەکە:
- خشتەی وەرزی 2027ی فۆرمولا 1 لە 24 پێشبڕکێ لە 22 وڵاتی پێنج کیشوەری جیاواز پێکهاتووە.
- ژمارەی پێشبڕکێ خێراکان (Sprint) بەهۆی داواکاری بەرزەوە لە 6ەوە زیادکراوە بۆ 10 پێشبڕکێ.
- وڵاتانی پۆرتوگال لە حوزەیران و تورکیا لە تشرینی یەکەمدا بە فەرمی دەگەڕێنەوە ناو خشتەکە.
- تاقیکردنەوەکانی پێش وەرز و یەکەم گەڕی پاڵەوانێتییەکە لە وڵاتی بەحرەین بەڕێوەدەچن.
وەرزی نوێ بە تاقیکردنەوەکانی پێش وەرز لە بەحرەین لە نێوان 24 بۆ 27ی شوبات دەستپێدەکات، پیش ئەوەی یەکەم پێشبڕکێی فەرمی لەوێ بەڕێوەبچێت و دواتریش بە پێشبڕکێی سعودیە بەردەوام دەبێت. پاشان خشتەکە بەرەو ئوسترالیا، ژاپۆن و چین دەجووڵێت، دواتریش پێشبڕکێکان لە مەیامی و کەنەدا بەڕێوەدەچن. بەشەکەی ئەورووپا گەڕانەوەی فۆرمۆلا 1 بۆ پۆرتوگال لە مانگی حوزەیراندا لەخۆدەگرێت دوای مۆناکۆ، هەروەها تورکیا لە مانگی تشرینی یەکەمدا لەنێوان ئازەربایجان و سەنگافورە دەگەڕێتەوە. قۆناغی کۆتایی وەرزەکە پێشبڕکێکانی ئۆستن، مەکسیکۆ سیتی، ساوپاولۆ و لاس ڤێگاس لەخۆدەگرێت، پێش ئەوەی دوو گەڕی کۆتایی لە قەتەڕ و ئەبوزەبی ئەنجامبدرێن.
ئەم خشتەیە ڕەنگدانەوەی گەشەسەندنی بەردەوامی فۆرمولا 1ـە وەک پلاتفۆرمێکی وەرزشی لەسەر ئاستی جیهان. بەهۆی سەرکەوتنی گەورەی دیزاینی پێشبڕکێی سپڕینت ، ژمارەیان زیادی کردووە. ئامارەکان دەریدەخەن کە بینەرانی ئەم سپڕینتە %12 زیاترە و جۆش و خرۆشێکی زۆرتر دەبەخشێت. بۆیە بەحرەین، ئوسترالیا، ژاپۆن، مۆناکۆ و ئەبوزەبی بۆ یەکەمجار میوانداری ئەم دیزاینە دەکەن، کە هاوکات پێشبڕکێ خێراکان بۆ مۆنتریال، سێلڤەرستۆن، مۆنزا، ساوپاولۆ و لوسێل دەگەڕێنەوە.
1 کاتژمێر پێش ئێستا