تۆپوریا: پێویستە لێکۆڵینەوە لە دەستکێشەکانی جەستن گەیج بکرێت
پوختەی هەواڵ:
- ئیلیا تۆپوریا سێ مانگ پێش ئێستا بە جەستن گەیج دۆڕا
- تۆپوریا ئێسکی دەموچاوی شکا و ڕوخساری تەواو گۆڕا
- تۆپوریا ماوەیەکی زۆرە دوورکەوتووەتەوە
- لە نوێترین لێدوانی داوای لێکۆڵینەوە دەکات
سەرەڕای لێدوانەکانی هەفتەی ڕابردووی دانا وایت، سەرۆکی ڕێکخراوی یو ئێف سی، کە گوتبووی ئیلیا تۆپوریا ئامادەیە بۆ یارییکردنەوە، بەڵام تیمی تایبەتی ئەم یاریزانە ڕایانگەیاند کە گەڕانەوەی لە ساڵی 2026دا مەحاڵە.
ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە تۆپۆریا لە دوای دۆڕاندنی بەرامبەر جەستن گەیچی تووشی پێكانی سەخت بوو لە ئێسکەکانی دەورووبەری چاو، لووت و یەکێک لە پێییەکانی.
خۆسێ گالۆ، ڕاهێنەری جەستەیی تۆپۆریا لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا وتی: "ئەو زانیارییانەی دانا وایت گوتبووی بۆ ئێمەش نوێ بوون و نازانین لەسەر چ بنەمایەک ئەوەی گوتووە، لەم ساتەیا گەڕانەوەی تۆپوریا بۆ ناو یارییەکان لە پێشینەی کارەکانمان نییە.
هەرچۆنێک بێت، دوێنێ ئێلیا تۆپوریا پەیامێکی تووندی بڵاوکردەوە و تێیدا گەڕانەوەی خۆی بۆ ناو یاریگای ئۆکتۆگۆن و ڕاهێنانەکان ڕاگەیاند، هاوکات لەپەیاماکەیدا گومانی خستە سەر دەستکێشەکانی جەستن گەیج دوای ئەو شکستەی بەرامبەری تووشی بوو سێ مانگ پێش ئێستا
پەیامەکەی تۆپۆریا
تۆپوریا ڕایگەیاند کە پشکنینە پزیشکییەکانی بەسەرکەوتوویی تێپەڕاندووە و ئامادەیە بۆ گەڕانەوە، هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە جارێکی تر داوا دەکات وردبینی لە دەستکێشەکانی جەستن گەیجیدا بکرێت دا بە وتەی ئەو "شتێکی سەیر"ی تێکردووە کە وایکرد هەموو دەموچاوی بشكێت.
کێشەی دەستکێشەکان، ئەم تۆمەتە دوای ئەوە هات کە بەشێک لە هاندەران دوای یارییەکە ئاماژەیان بەوە کردبوو کە ڕەنگە جەستن گەیج دەستکێشەکانی دەستکاری کردبێت، بەڵام ئەم بابەتە هیچ بەڵگەیەکی فەرمی لەسەر نەبوو و کەمبۆوە، تا تۆپۆریا دووبارە زیندووی کردەوە.
گەیج بە تووندی وەڵامی تۆپۆریای دایەوە و ڕایگەیاند کە ئەمانە تەنها بیانووی بێبنەمان بۆ داپۆشینی شکستەکەی. ئاماژەی بەوەش کرد کە زیانگەیاندن بە دەموچاوی ڕکابەرەکانی شتێکی ئاساییە لە هەموو یارییەکانیدا و پەیوەندی بە دەستکێشەوە نییە.

2 کاتژمێر پێش ئێستا