قوباد تاڵەبانی: کار لەسەر کابینەی نوێ دەکرێت و گفتوگۆکان بەردەوامن
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵ8 ڕایگەیاند، هەوڵ دەدەن بەمزووانە کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنن، لەبارەى ئایندەى پارێزگاى سلێمانیشەوە گوتى "من گەشبینیم، چونکە لە چوار بۆ پێنج ساڵی ڕابردوو، گەشەسەندنێکی باشی بەخۆیەوە بینیوە".
قوباد تاڵەبانی لەبارەی داهاتووی خۆشی لە کابینەی نوێدا ئاماژەی بەوەکرد، "نازانم داهاتووم لە کوێیە و جارێ زۆر بیرم لێنەکردووەتەوە، بیر لە بەرژەوەندی گەلەکەمان دەکەمەوە."
لەبارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش قوباد تاڵەبانی گوتی، لە کاتە زۆر سەختەکان هاوکاری یەکدى بوون و بوونی نێچیرڤان بارزانی بۆ هێنانەئارای تەبایی لەنێوان یەکێتی و پارتی و هەولێر بەغداد پێویستە.
دەقی دەیمانەکەی کەناڵ8 لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان.
کەناڵ8: بەڕێز کاک قوباد تاڵەبانی، لوتکەی سلێمانی چ مانایەکی هەیە بۆ سلێمانی و دەتوانێت چی گۆڕانکارییەک دروستبکات؟
قوباد تاڵەبانی: زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە. لوتکەی سلێمانی گرنگە، چونکە هەموومانی کۆکردووەتەوە، خاوەن کار، وەبەرهێنەر و سیاسەتمەدارانی کۆکردووەتەوە، لێرە هەردوو حکومەتی فیدراڵی و هەرێمى کوردستان، کەسانی پسپۆڕ و ئەکادیمی کۆبوونەتەوە. دەرفەتێکە بۆ ئێمەی سیاسی و بەرپرسانی حکومەت، گوێ لە پێشنیازی پسپۆڕە ڕاستەقینەکان بگرین، بۆ ئەوەی بگەینە قۆناغی نوێی ئاوەدانی لە هەرێمی کوردستان بە گشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، هاوکات ئێمەش دیدی خۆمانیان پێشکەش بکەین، واتە دیدی وەبەرهێنەران و بازاڕ، لەگەڵ کەسانی حکومی، بە پشتیوانیی کەسانی پسپۆڕ ببنە تەواوکەری یەکتر. ئەوەش گرنگیی ئەم لوتکە و هاوشێوەکانی لەم قۆناغە دەردەخات.
کەناڵ8: بەڕێز کاک قوباد، پێشبینیتان بۆ 10 ساڵی داهاتووی سلێمانی چی دەبێت؟
قوباد تاڵەبانی: من گەشبینیم، چونکە لە چوار بۆ پێنج ساڵی ڕابردوو، سلێمانی گەشەسەندنێکی باشی بەخۆیەوە بینیوە. پڕۆژەکان بەردەوام لە زیادبووندان، ئەوەی مایەی دڵخۆشیشە جۆری پڕۆژەکانە، کە هەمەچەشنن. واتە جگە لە نیشتەجێبوون، بیر لە پرۆژەی گەشتوگوزاری، کشتوکاڵی و پیشەسازی دەکرێتەوە، کە ئەمانە مایەی دڵخۆشین و ئاماژەی باشن. ئێستا دەرفەتێکی باش لە بەردەم سلێمانی و هەرێمی کوردستاندایە، بەتایبەت بەهۆی ئەو ئارامییە سیاسییەی کە هەیە، دەرگا کراوەتەوە بۆ ئەوەی متمانە دروستببێت، وەبەرهێنان بکرێت، کار بکرێت و ئابووریی پێشبخرێت.
کەناڵ8: بەڕێز قوباد تاڵەبانی، چی کراوە بۆ ئەوەی وەبەرهێنەرە بیانییەکان ڕوو لە سلێمانی بکەن؟
قوباد تاڵەبانی: وەک ڕوونە وەبەرهێنان لە ژینگەیەکی ئارامدا گەشە دەکات و بەرەوپێشەوە دەچێت. سەرەڕای ئەوەی ئەو ناوچەیەی ئێمەی تێدا دەژین لە ئاڵۆزیدایە، بەڵام توانراوە ئارامیی ئێرە بپارێزرێت، ئەوەش وایکردووە سەرنج و چاوی وەبەرهێنەرە بیناییەکان بکەوێتە سەر سلێمانی. پاش سەردانەکەم بۆ ئیمارات، چاوەڕێ بن لەو وڵاتە، کەنداو و وڵاتانی ئەورووپاوە، وەبەرهێنانێکی زیاتر ڕوو لە سلێمانی بکات. هەر لە بواری وەبەرهێناندا شاندێکی باڵای سعودییەش هاتنە سلێمانی.
لە ڕابردوودا تۆمەتی زۆر بۆ سلێمانی هەڵبەستراوە، بەڵام ئێمە ئەو قۆناغەمان تێپەڕاندووە، سەرقاڵی ڕاستکردنەوەی تۆمەتەکان بین.
کەناڵ8: تۆمەتەکان چی بوون؟
قوباد تاڵەبانی: دەیگوت سلێمانی بێخاوەنە، مافیای زۆرە و نائارامە، بەڵام قسەکانیان هەمووی پوچەڵ دەرچوون. ئەو جوڵەیەی لە ئێرە هەیە، ڕەنگە لە هیچ شوێنێکی دیکەی عێراقدا نەبێت، بە کار وەڵامی ئەو تۆمەتە ناڕاستانە دراوەتەوە.
کەناڵ8: لە ڕابردوودا باستان لە گەشتوکاڵ کرد و لە ڕانیە، هەڵەبجە و ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کودستان بەرهەمەکەیمان بینی، لە بواری وەبەرهێنانی نوێ چی نوێتان هەیە؟
قوباد تاڵەبانی: من دەمەوێت گەنجەکانمان باوەڕیان بە توانا و داهێنانی خۆیان هەبێت، چونکە تەنیا داهێنان دەمانگوازێتەوە بۆ قۆناغێکی نوێی ئاوەدانی. ئێستا نەوەیەکی گەنجی وەبەرهێنەرمان هەیە و ژمارەیەکی کچی زۆریش هاتوونەتە نێو بواری وەبەرهێنان و تەکنەلۆجیا و تەنیا پیاوان نین. دڵخۆشم لە ڕانیە دەبینم خانمان کشتوکاڵ دەکەن، زۆر گرنگە کە کشتوکاڵێکی بەهێز و زۆرت هەبێت و دەرفەتی گەشتوگوزاریشت هەبێت، هەر بۆیە تێکەڵکردنی ئەم دوو کەرتە زۆر گرنگە. کاتێک کشتوکاڵ و پیشەسازیت هەیە، دەتوانێت کشتوکاڵ بەپیشەسازی بکەیت، ئەمەش بە گەنجان دەکرێت، چونکە گەنجان بیرۆکەیان هەیە و سەرمایەش لەبەردەستدایە، گونجاندن و تیکەڵکردنی ئەو بیرۆکانە و سەرمایە، ئابوورییەکەمان فرەچەشن و بەهێزتر دەکەن.
کەناڵ8: ئێستا بواری بانکی چووتە پێشەوە و بووەتە ناچاری، بەتایبەت لە بواری مووچە، چی بکرێت بۆ ئەوەی سلێمانی لە بواری بانکیدا بەرەوپێشەوە ببرێت؟
قوباد تاڵەبانی: ئێمە زۆر شت هەیە پێویستە بیانکەین. پێویستە لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراق لەسەر هێڵ بین. زۆر هۆکار هەیە وایکردووە لە عێراق کەرتی بانکی لاواز بێت و متمانە بە بانک لاواز بێت. ئێستا ئەو بانکانەی ماونەتەوە، کاریان ڕێکوپێکە و بە کردەیی بانکن، یاسای باشیان هەیە، پابەندن بە یاساکانی بانکی ناوەندیی عێراق و نەکەوتوونە نێو لیستی ڕەشی ئەمریکا. ئەو بانکانە دەتوانن پێکەوە یارمەتیدەری یەکتر، حکومەت و هەموو کەرتەکان بن، بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییەوە پڕبکرێتەوە، بەهۆی نەبوونی کەرتی بانکی بەهێزەوە، خاڵی لاواز لە ئابووریی هەرێمی کوردستان و عێراق دروستبووە. ئەم قۆناغەمان ماوە و ئەوەش بە پابەندبوون بە ڕوون و ڕەوانی و یاسا نێودەوڵەتییەکان دێتەئارا.
کەناڵ8: بەڕێز کاک قوباد، ئێوە باستان لە گرنگیی سەقامگیریی سیاسیی کرد لە گەشەکردنی وەبەرهێنان، کەی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕادەگەیێنن؟
قوباد تاڵەبانی: کاری لەسەر دەکەین و بەردەوامین لە گفتوگۆکان، ئیشەڵا...
کەناڵ8: بەمزووانە؟
قوباد تاڵەبانی: هەوڵدەدەین، دەمانەوێت بە زووترین کات کابینەی حکومەت پێکبهێنرێت.
کەناڵ8: قسەتان چییە بۆ بۆچوونەکەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی بەڕێزتانەوە، کە وەک سەرمایە بۆ هەرێمی کوردستان ناوی بردن؟
قوباد تاڵەبانی: بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان لوتفی نواند. کاک نێچیرڤان برایەکی بەڕێز و هاوکارێکی عەزیزم بووە لە قۆناغی سیاسیی خۆمدا، لەو کاتەی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بووم لە ئەمریکا و بەڕێزیان سەرۆکوەزیران بوو، کە گەڕامەوە کوردستانیش، لە چەند قۆناغێکی زۆر سەختدا پێکەوە کارمان کرد، ئەو کاتەی لە بەغداوە بودجەمان بڕدرا، جەنگی داعش بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرت، ژمارەیەکی زۆر ئاوارە ڕووی لە هەرێمی کوردستان کرد و نرخی نەوت دابەزی.
ئەو کاتە کە لەبەردەم مەترسییەکی زۆر زۆر گەورە بووین، ئەو کاتەی پێکەوە کارمان کرد، پشتیوانی یەکدى بووین، ئەوەش وای کرد هاوڕێیەتیی دروستببێت، بەجۆرێک کە چووە دەرەوەی ململانی سیاسییەکان، ئێستاش هاوڕێیەتییەکەمان ململانێ سیاسییەکان تێدەپەڕێنێت.
بەو قسانەی کردنی، لوتفی نواند و سوپاسی ئەکەم، بەڕێزیشیان کەمی نەکردووە بۆ کوردستان، ئەو ئاوەدانییەی کوردستان بەخۆیەوە بینیویەتی، بەشێکی زۆری هی ئەو سەردەمەیە کە بەڕێزیان سەرۆکوەزیران بوو، ئەوەش بەرهەمی ئەو تەبایی و ئارامییە بوو لە هەرێمی کوردستان هەبوو. خودا تەمەنی درێژ بکات و ڕۆڵە جوانەکانی ببینێت، بۆ دروستکردنی ئاشتی و تەبایی لەنێوان یەکێتی و پارتی، بەغداد و هەولێر و وڵاتان، ئێمە خەڵکی وامان پێویستە، کە بەداخەوە ژمارەیان کەمە.
کەناڵ8: بەڕێزتان لە ڕابردوودا باستان لەوە کرد، پێتانخۆشە لەنێو حکومەتەوە خزمەتی خەڵک بکەن، ئایا لە کابینەی نوێدا دەتابینینەوە؟
قوباد تاڵەبانی: ئەوە بوو بە 26 ساڵ کە خزمەتی حکومیم هەیە و خەریکە ڕیشم سپی دەبێت، بۆیە نازانم داهاتووم لەکوێیە و جارێ زۆر بیرم لێنەکردووەتەوە، بیر لە بەرژەوەندی گەلەکەمان دەکەمەوە. پێویستە گەلەکەمان پێشبخەین و خۆمان لەکوێ بین دەتوانین خزمەت بە خەڵک بکەین.
کەناڵ8: زۆر سوپاس بۆ بەڕێز قوباد تاڵەبانی.
قوباد تاڵەبانی: سوپاس بۆ ئێوە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا