ڕێبواری حامی حاجی غالی لە دادگا: "چووینە شوقەکەی بەرامبەر دەباشان و پێم وترا لێرەوە بافڵ تاڵەبانی دەکوژین"

کەناڵ8 43 خولەک پێش ئێستا
ڕێبواری حەمەی حاجی غالی  و لاهور جەنگی بوورهان
ڕێبواری حەمەی حاجی غالی و لاهور جەنگی بوورهان

لە دانیشتنی ڕۆژی 17ـی ئەیلوول لە دادگای سلێمانیدا، ڕێبواری حامی حاجی غالی وردەکاریی پلانێکی چەکداریی بۆ بەئامانجگرتنی ماڵی بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دەباشان ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند لەگەڵ قەناس بەدەستێکدا چوونەتە ناو شوقەیەک و بە مەبەست دەستکاری دووربینەکەی کردووە تاوەکو تەقە لە سەرۆکی یەکێتی نەکرێت.

کۆبوونەوە لە ماڵی لاهوور جەنگی و ئامادەبوونی ئەژی ئەمین

ڕێبواری حامی حاجی غالی لە گێڕانەوەی ڕووداوەکان لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە ڕایگەیاند، شەوێک چووەتە ماڵی لاهوور جەنگی و لەکاتی لەدەرگاداندا، ئەژی ئەمین دەرگای لێکردووەتەوە و باوەشی پێداکردووە، ئەمەش بووەتە جێی سەرسوڕمانی، چونکە پێشتر ئاگادار نەبووە ناوبراو لە سلێمانی و لە ماڵی لاهوور جەنگییە. هاوکات لەو دانیشتنەدا هاوژینی هادییە سووریش ئامادە بووە و پێکەوە نانیان خواردووە، بەڵام ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد دوای نانخواردنەکە هەستاوە و بەشداریی کۆبوونەوە سەرەکییەکەی نەکردووە.

چوونە ناو شوقەکەی سیتی تاوەر بە دوو چەکی ئێم 4ـەوە

بەپێی وتەکانی ڕێبواری حامی حاجی غالی، ئێوارەیەک لاهوور جەنگی پەیوەندی پێوەکردووە و پێی ڕاگەیاندووە بچێتە لای ڕێبواری قودرەت بۆ جێبەجێکردنی کارێک. دواتر لەگەڵ ڕێبواری قودرەت و کەسێکی دیکە بەناوی ڕێنوار بە ئۆتۆمبێل چوونەتە شوقەیەکی بینای "سیتی تاوەر" کە بەرامبەر ماڵی بافڵ تاڵەبانییە لە دەباشان. لە دانپێدانانەکانیدا لەسەر گرتە ڤیدیۆییەکان ئاشکرای کرد، ئەو دوو جانتایەی پێیان بووە، دوو تاقم و دوو چەکی جۆری ئێم 4ـی تێدا بووە بۆ حاڵەتی لەناکاو، هەروەها لەناو شوقەکەش درۆن و قەناسی لەسەر مێزێک بینیوە.

ئاشکرابوونی پیلانی کوشتن و تێکدانی دووربینی قەناسەکە

ڕێبواری حامی حاجی غالی باسی لەوە کرد کە لەناو شوقەکەدا ڕێبواری قودرەت چووەتە لای پەنجەرەکە و بە دووربینی قەناسەکە سەیری دەرەوەی کردووە، ئەو کاتە لە ڕێبواری قودرەتی پرسیوە ئەوە چی دەکات، ئەویش لە وەڵامدا وتوویەتی لێرەوە بافڵ تاڵەبانی دەکوژێت. بە وتەی تۆمەتبار، لەو کاتەدا دەستکاری ڕێکخستنی دووربینەکەی کردووە و تێکی داوە تاوەکو ئەگەر بافڵ تاڵەبانی دەربکەوێت، قەناس بەدەستەکە فریا نەکەوێت تەقەی لێبکات و کاتی بۆ ڕێکخستنەوەی بوێت، چونکە نەیویستووە ئەو کارە ئەنجام بدرێت و ڕایگەیاند خوداش نەیویست بافڵ تاڵەبانی بکوژرێت.

ڕەتکردنەوەی نەخۆشی دەروونی و فشار لەسەر وتەکان

لە بەشێکی دیکەی دانیشتنەکەدا و لە دوای پرسیاری دادوەر لەبارەی ئەگەری بوونی گوشار یان نەخۆشی دەروونی، هەردوو تۆمەتبار ڕێبواری حامی حاجی غالی و ڕێبواری قودرەت جەختیان کردەوە کە لەژێر هیچ لێدان و فشارێکدا ئەو دانپێدانانەیان نەکردووە. ڕێبواری قودرەت ڕایگەیاند هیچ نەخۆشییەکی دەروونی نییە و ئامادەیە بۆ پشکنینی پزیشکی، هەروەها ئەو قسانەی لە هەفتەی ڕابردوو و ئەمڕۆش کردوونی تەواوی ڕاستییەکان بوون و لێیان پەشیمان نییە.

کەناڵ8

43 خولەک پێش ئێستا