پۆڵاد جەنگی مۆرفینی کردە بیانوو، دادگا بە بەڵگەی پزیشکی و کامێراکانی چاودێری وەڵامی دایەوە
لە دانیشتنی 17ـی مانگ ڕۆژی پێبج شەممە لە دادگای سلێمانی، پۆڵاد جەنگی بورهان هەوڵیدا دانپێدانانەکانی پێشووی لەبارەی هەوڵی کودەتا و کوشتنی بافڵ تاڵەبانی بگۆڕێت، لە بەرامبەردا بەڵگەنامە پزیشکییەکان و تۆمارە ڤیدیۆییەکان ڕاستیی دۆخی تەندروستی و چۆنیەتی هاتووچۆکردنی ناوبراویان بۆ شوقەکەی دەباشان خستەڕوو.
هەوڵی پاشگەزبوونەوە لە دانپێدانانەکان بە بیانووی برینداری
پۆڵاد جەنگی لە کاتی وتەکانیدا لەبەردەم دادوەر بانگەشەی ئەوەی کرد کە لەکاتی وەرگرتنی ئیفادەی پێشوویدا بریندار بووە، لە ژوورێکی سارد دانراوە و دەرمانی مۆرفینی پێدراوە، بۆیە ئەو قسانەی کردووە. بەڵام بەپێی بەدواداچوونە یاساییەکان و زانیارییەکانی داواکاری گشتی، وتەکانی ناوبراو پێشتر بە ئامادەبوونی داواکاری گشتی و پارێزەرەکانی وەرگیراوە، دەنگەکەی تۆمارکراوە و دوای خوێندنەوەی دەقەکەش بۆی، بە ڕەزامەندیی خۆی واژۆ و پەنجەمۆری لەسەر کردووە. هاوکات ڕاپۆرتە پزیشکییەکان دەریانخستووە ناوبراو دوای چارەسەر لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت و بە بڕیاری پزیشک بە دۆخێکی جێگیرەوە لە نەخۆشخانە دەرکراوە.
فێڵی بەکارهێنانی بەرزکەرەوە لە باڵەخانەی سیتی تاوەر
سەبارەت بە سەردانیکردنی شوقەکەی قاتی 8 لە بینای سیتی تاوەر، بەڵگە ڤیدیۆییەکان پێچەوانەی ئینکاریکردنی پۆڵاد جەنگییان سەلماندووە. لە بەڵگەکاندا دەرکەوتووە کە ناوبراو لەگەڵ کەسێک بەناوی ئەحمەد ئەسەف و شۆفێرێک بەناوی ڕێنوار لە کاتی چوونە ناو بیناکە فێڵیان بەکارهێناوە؛ بەجۆرێک ڕێنوار سەرەتا چووەتە قاتی 1 و لەوێوە بە بەرزکەرەوە چووەتە قاتی 6 و دوو قاتەکەی دیکەی بە پلیکانە بڕیوە، لە کاتێکدا پۆڵاد و ئەحمەد ئەسەف لە زەمینییەوە ڕاستەوخۆ چوونەتە قاتی 9 و لە ڕێگەی ئاوێنەی مەسعەدەکەوە لە کامێراکاندا دەرکەوتوون کە دابەزیونەتەوە بۆ قاتی 8. لە دادگادا پۆڵاد جەنگی ئاماژەی بەوە کردووە ئەم شێوازە فێڵی ئەحمەد ئەسەف بووە تا لەکاتی بەدواداچووندا سەرلێشێوان دروست بکات.
ئیدیعای پاراستنی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە هەوڵی کودەتا
لە درێژەی وتەکانیدا، پۆڵاد جەنگی ئامادەبوونی خۆی بۆ مەبەستی کوشتنی بافڵ تاڵەبانی لەو شوقەیە ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، ئەو زانیاری هەبووە کە هەوڵێکی کودەتا لە ئارادایە، بۆیە چووەتە ئەو شوێنە تا لەوێوە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بپارێزێت. هاوکات ناوبراو هیچ ڕوونکردنەوەیەکی نەدا سەبارەت بەوەی کودەتاکە لەلایەن کێوە بووە و چۆن ئەنجامدراوە، تەنیا جەختی لەوە کردەوە کە ئەو هێزەی لەگەڵیدا بوون بە مەبەستی پاراستنی هێرۆخان لەو شوێنە جێگیر کرابوون.
2 کاتژمێر پێش ئێستا