لاهوور جەنگی لە بەردەم دادوەر: "داوام لە ئەژی ئەمین کرد عەدەد قەناس و دۆشکەم بۆ بنێرێت"

کەناڵ8 2 کاتژمێر پێش ئێستا
لاهور شێخ جەنگی
لاهور شێخ جەنگی

لە دانیشتنەکەی 17ـی مانگدا لە دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی، لاهوور جەنگی دانی بە پەیوەندی و دانیشتنەکانی لەگەڵ ئەژی ئەمین نا و ئاشکرای کرد داوای چەکداری شارەزا لە قەناس و دۆشکەی لێکردووە، لە هەمان کاتدا ئەندامێکی هێزەکەی ئەژی ئەمین بە فەرمی دانپێدانانی لەسەر ئامادەکارییەکانی بەکارهێنانی درۆن بۆ هێرشکردنە سەر دەباشان پێشکەش کرد.

باسکردنی دۆسیەی موراد کانی کوردەیی لە هۆڵی دادگا

لە سەرەتای دانیشتنەکەدا، لاهوور جەنگی هەوڵیدا باسی ڕووداوە مێژووییەکان بکات و دادوەریش داوای لێکرد تەنیا لەسەر دۆسیەی هەوڵی کوشتنەکە بدوێت. دوای پێدانی مۆڵەتی کورت، لاهوور جەنگی باسی کوشتنی موراد کانی کوردەیی و هاوڕێکانی کرد و لەبەردەم دادوەر ڕایگەیاند بکوژانی ناوبراو هاتوونەتە لای خۆی و شێوازی کوشتنەکەیان بۆ باس کردووە، دادوەریش ئەم وتەیەی وەک دانپێدانان تۆمار کرد کە چۆن ئەو تۆمەتبارانە لە هەولێرەوە هاتوونەتە لای و دواتر گەڕاونەتەوە.

دابینکردنی چەک و درۆن لەلایەن ئەژی ئەمینەوە

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەژی ئەمین، لاهوور جەنگی لە وەڵامی پرسیارەکانی دادوەردا دانی بەوەدا نا کە لەگەڵ ئەژی ئەمین دانیشتنی هەبووە و باسی ناردنی چەک و درۆنیان کردووە. ناوبراو ئاشکرای کرد داوای لە ئەژی ئەمین کردووە کۆمەڵێک شارەزای قەناس و دۆشکەی بۆ بنێرێت، چونکە ئەو کەسانەی لە دەوروبەری خۆی بوون شەڕکەری باش نەبوون و شارەزاییان لە بەکارهێنانی چەکی دۆشکەدا نەبووە، لە کاتێکدا هەوڵی کوشتنی بافڵ تاڵەبانی لە ڕێگەی ڕێبواری قودرەتەوە ڕەتکردەوە و وتەکانی ناوبراوی بە نادروست وەسف کرد.

دانپێدانانی تیمی درۆن و هۆکاری گۆڕینی وتەکان

لە تەوەرێکی دیکەی دانیشتنەکەدا، دادوەر وتەی لە بۆتان وەرگرتەوە کە لەگەڵ کەسێکی دیکە بەناوی پێشەوا لە هێزەکەی ئەژی ئەمینەوە هاتبوونە سلێمانی. تۆمەتبار بۆتان داوای لێبووردنی لە دادگا کرد بەهۆی ئەوەی هەفتەی ڕابردوو وتبووی تەنیا کاری ڕاگەیاندنی کردووە، و ئەمڕۆ دانی بەوەدا نا کە لەگەڵ پێشەوا کاری لەسەر ئامادەکردنی درۆنەکان کردووە بۆ هەوڵەکە. ناوبراو هۆکاری گۆڕینی وتەکانی بۆ ترس لە ئەژی ئەمین گەڕاندەوە و ڕایگەیاند بەهۆی ئەوەی ماڵی لە سنووری سۆرانە، لەلایەن ناوبراوەوە هەڕەشە لە کەسوکارەکەی کراوە، بەڵام بڕیاریداوە تەواوی ڕاستییەکان لە دادگادا ئاشکرا بکات.

کەناڵ8

2 کاتژمێر پێش ئێستا