رافینیا و بەرشلۆنە گەیشتوونەتە ڕێککەوتن

مەبەست عەدنان 1 کاتژمێر پێش ئێستا

دیکۆ، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی بەرشلۆنەی پاڵەوانی وەرزی ڕابردووی لالیگا، لە کۆبوونەوەی دەستەی گشتیی یانەکەدا، کە دوێنێ بەڕێوەچوو، پشتڕاستی کردەوە رافینیای ئەستێرەی بەڕازیلی گەیشتووەتە رێککەوتن بۆ ئەوەی تاوەکو ساڵی 2030 لەگەڵ یانەکە بەردەوام بێت.

ئەو یاریزانە نێودەوڵەتییە، سەرەتایەکی ناوازەی لەم وەرزەدا پێشکەش کردووە، بە جۆرێک بە تۆمارکردنی 12 گۆڵ لە حەوت یارییدا پێشەنگی گۆڵکارانی خولی ئیسپانیای گرتووە، سەرەڕای ئەوەی لە پێگەیەکی نائاسایی خۆیدا و وەک هێرشبەری ژمارە نۆ یاری دەکات.

لە لێدوانەکانیدا دیکۆ گوتی: "پرسی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی رافینیا گەیشتووەتە قۆناغێکی زۆر پێشکەوتوو، رافا بۆ چوار ساڵی داهاتوو لەگەڵمان دەمێنێتەوە."

هەروەها بەڕێوەبەرە وەرزشییەکەی بارسا ئاشکرای کرد، کە هەردوو یاریزانی لاو، چاڤی ئیسپارت و مارک بێرناڵ، لە چەند رۆژی داهاتوودا گرێبەستی نوێ لەگەڵ یانەکە واژۆ دەکەن، لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوە کرد: "ئەوانە سێ یاریزانن کە لە هەفتەی رابردوودا پرسی نوێکردنەوەی گرێبەستەکانیانمان یەکلا کردووەتەوە."

رافینیای 29 ساڵ، لە 2022 لە یانەی لیدز یونایتدی ئینگلیزییەوە پەیوەندی بە بەرشەلۆنەوە کرد، پاش هاتنی هانسی فلیکی راهێنەری ئەڵمانیش لە 2024، بووەتە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییە نەگۆڕەکانی پێکهاتەی تیمەکە.

مەبەست عەدنان

1 کاتژمێر پێش ئێستا