ئایا لوی ڤیتۆن دیزاینی کوڵەباڵی دزیوە؟
ئازاری 2026، نیکۆلاس گێسکیەر، دیزاینەری ناسراوی فەڕەنسی، ژمارەیەک دیزاینی جیاواز و وەرگیراو لە فۆلکلۆری جیهانی بۆ لوی ڤیتۆن خستە ڕوو، تیایدا چەندین پارچەی جلوبەرگ دەردەکەون، کە شێوەیان لە کوڵەباڵی کوردییەوە نزیکە.

نیکۆلاس ئازاری 2026، لە چوارچێوەی کۆکراوەی جلوبەرگی پاییز/زستان بۆ لوی ڤیتۆن، دیزاینەکانی خستە ڕوو، تیایدا چەندین شێوەی جیاوازی پێشکەش کرد، کە بە گوتەی خۆی:
دیزاینێکی هاوچەرخن تێکەڵکراو بە کولتوور و فۆلکلۆرە جیاوازەکانی جیهان.
پاش تێپەڕینی بەنزیکەی شەش مانگ بەسەر نمایشکردنی ئەم جلوبەرگانەدا، ئێستا بەشێک لە دیزاینەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە کوردییەکاندا سەریانهەڵداوەتەوە و ڕەخنەگران دەڵێن: "گێسکیەر سوودی لە شێوازی کوڵەباڵی کوردی وەرگرتووە و ئاماژەی بە ناوی کورد نەداوە."

کولتووری کەناڵ8 بەدواداچوونی کردووە و بۆی دەرکەوتووە: گێسکیەر لەمیانی پێشکەشکردنی کۆکراوەکەیدا، ئاماژەی بە ناو و فۆلکلۆری هیچ نەتەوە و وڵاتێک نەداوە، ئەوەی ئاشکرایە:
- کۆکراوەکەی بە فۆلکلۆری جیهانی ناوبردووە
- کۆکراوەکەی تایبەت کردووە بە شێوازی کۆچەرییەکان
- جەختی لە تێکەڵکردنی کولتوور و نەریتی نەتەوە جیاوازەکان کردووەتەوە
- براندی لوی ڤیتۆن تەنیا ناوی "چیاکانی جورا"ی هێناوە کە شوێنی لەدایکبوونی دامەزرێنەرەکەیەتی

نرخی پارچەکانی ئەم کۆکراوەیە چەندە؟
- جانتاکان: هەزار و 500 بۆ 13 هەزار دۆلار
- ئەو چاکەتەی لە کوڵەباڵ دەچێت: دوو هەزار و 850 دۆلار
- جوانکارییە وردەکان: 160 دۆلار و زیاتر
مێژووی دەرکەوتنی شێوازەکانی نزیک لە کوڵەباڵ (کەپەنەک/کەپەن) لە نمایشە جیهانییەکاندا:
- چاکەتی کەپەنەک - Harem London — AW 2021
- چاکەتی هاوچەرخی کەپەن - Gamze Doğan — 2022
- سوود وەرگرتن لە ڕەقیی شانی کەپەن - Burç Akyol — Spring/Summer 2024
- پارچەیەکی کەپەن - Selin Yücel — Fall 2025

1 کاتژمێر پێش ئێستا