ئامەدسپۆڕ لە یاریگای خۆیدا میوانداریی بێشکتاش دەکات
ئەمڕۆ ئامەدسپۆر لە یارییەکی چارەنووسسازدا ڕووبەڕووی بەشیکتاش دەبێتەوە و هەر لایەکیان یارییەکە ببنەوە، ڕاستەوخۆ دەچنە پلەی یەکەمی ڕیزبەندیی خولەکە.
ئەمڕۆ کاتژمێر هەشتی شەو، یانەی ئامەدسپۆر کە لە پلەی شەشەمی خولی نایابی تورکیدایە، لەنێو یاریگا و هاندەرانیدا، میوانداریی یانەی بەشیکتاش دەکات، کە لە پلەی دووەمی ڕیزبەندییەکەدایە.
ئامەدسپۆر خاوەنی 10 خاڵە، بەشیکتاش 12 خاڵی هەیە و گاڵاتاسارایش خاوەنی 13 خاڵە، لە ئەگەری بردنەوەی یارییەکە، ئامەدسپۆر دەبێتە خاوەنی 13 خاڵ و بە جیاوازی گۆڵ دەبێتە یەکەمی ڕیزبەندییەکە.
هەردوو یانەکە بە هەموو هێزیانەوە ئامادەن، ئامەدسپۆر پشتی بە یاریگا و هاندەرانی بەستووە و بردنەوەکانی ڕابردووشی هێزی گەورەی پێبەخشیوە. ئەوەی وزەی زیاتری بە ئامەدسپۆر بەخشیوە ئەوەیە، ساڵێک زیاترە هیچ یارییەکی لەنێو یاریگای خۆیدا نەدۆڕاندووە.
بەشیکتاشیش لە دوایین یاریدا لە خولی ئەورووپی بە چوار گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە مارسیلیای فەڕەنسی بردەوە، ئەوەش وای کردووە لە ڕووی دەروونییەوە بۆ یارییەکە ئامادە بن.
1 کاتژمێر پێش ئێستا