ئێرلەندا بۆ یوێفا: نامانەوێت بەرامبەر ئیسرائیل یاری بکەین
پوختەی هەواڵ:
- یەکێتیی تۆپی پێی ئێرلەندا داوای کردووە لە تیروپشکەکانی داهاتوودا لەگەڵ ئیسرائیل نەخرێنە یەک کۆمەڵەوە.
- هەردوو هەڵبژاردەکە لە خولی نەتەوەکانی ئەورووپا هاوکۆمەڵەن و لە 27ی ئەیلوول و چواری تشرینی یەکەم ڕووبەڕووی یەکدی دەبنەوە.
- یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپا (یوێفا) ڕایگەیاندووە، کە جیاکردنەوەی هەڵبژاردەکان لە تیروپشکدا پشت بە ڕەچاوکردنی لایەنی ئەمنی دەبەستێت.
- ئەم داوایە دوای فشاری ناوخۆیی و هەڵمەتی بایکۆتکردنی یارییەکە لەلایەن وەرزشوانانی ئێرلەنداوە هات.
یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپا (یوێفا) لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ڕوونی کردووەتەوە، کە بڕیاری جیاکردنەوەی هەڵبژاردەکان لە تیروپشکی پاڵەوانێتییەکاندا، بۆ هەر هەڵبژاردە و حاڵەتێک بە جیا و بەپێی هەڵسەنگاندنی مەترسییە ئەمنییەکانی نێوان وڵاتان دەدرێت.
ئەم ڕوونکردنەوەیە دوای ئەوە هات کە دەیڤد کۆریل، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یەکێتیی تۆپی پێی ئێرلەندا ئاشکرای کرد داوایان لە یوێفا کردووە لە تیروپشکەکانی داهاتوودا ئێرلەندا و ئیسرائیل ڕووبەڕووی یەکدی نەبنەوە، دوای ئەوەی لە تیروپشکی مانگی شوباتی خولی نەتەوەکانی ئەورووپا هەردوو هەڵبژاردەکە کەوتنە یەک کۆمەڵەوە.
بەپێی خشتەکەش، بڕیارە لە 27ی ئەیلوول و چواری تشرینی یەکەم یارییەکانی نێوانیان ئەنجام بدرێت.
یوێفا جەختی کردەوە کە بە وردی چاودێریی پێشهاتەکان دەکات و لەسەر بنەمای زانیارییە ئەمنییەکان بڕیاری پێویست دەدات.
ئاراستەکردنی ئەم داوایە ئەنجامی ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکانی ئێرلەندایە؛ بە جۆرێک لە مانگی ئایاری ڕابردوودا کۆمەڵێک یاریزان و کەسایەتیی دیاری ئەو وڵاتە بەشدارییان لە هەڵمەتێکی فراواندا کرد بۆ بایکۆتکردنی یارییەکەیان بەرامبەر بە ئیسرائیل و هاندەرانی وڵاتەکە ناکۆکییەکی توندیان لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێینەوە بە ئیسرائیل لە فەلەستین تاوانی جەنگی ئەنجامداوە.
1 کاتژمێر پێش ئێستا