نزار ئامێدى: پاڵەوانەکان شایستەی پاڵپشتی و گرنگیدان و پێزانین

هەرێز جەمال 1 کاتژمێر پێش ئێستا

نزار ئامێدی، سەرۆککۆمارى عێراق، لە کۆشکی سەلام لە بەغداد، پێشوازی لە نەجلە عیماد پاڵەوانی پارالۆمپیکی عێراقی کرد و ستایشی دەستکەوتە میژوییەکانی لە وەرزشی عێراقی لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی کرد.

سەرۆککۆمار ستایشی چیرۆکی ناوازەی ئیرادەی نەجلە عیمادی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم پاڵەوانە کە لە ساڵی 2008 ڕووبەڕووی تەقینەوەیەکی تیرۆریستی بووەوە کە لە ئەنجامدا سێ ئەندامی جەستەی لەدەستدا، ڕێگەی نەدا ئەم کارەساتە ژیانی بوەستێنێت. بەڵکو ئازارەکانی خۆی گۆڕی بۆ هێز و سەرکەوتن، بووە پاڵەوانێک کە ئاڵای عێراق لە گەورەترین ڕووداوە وەرزشییەکانی جیهاندا بەرزدەکاتەوە.

سەرۆککۆمار ئاماژەی بەوەشکرد، دەستکەوتەکانی نەجلە عیماد تەنها مەدالیای زیادکراو نییە بۆ تۆماری وەرزشی عێراق، بەڵکو پەیامێکی هیوا و ئیرادەیە، هەروەها بەرجەستەکردنی ڕاستەقینەی توانای گەلی عێراقە بۆ تێپەڕاندنی سەختترین بارودۆخ و گۆڕینی تەحەددیاتەکان بۆ سەرکەوتن.

سەرۆککۆمار ، ستایشی هەوڵی هەموو وەرزشوانانی عێراقی کرد بە تایبەت پاڵەوانانی پارالۆمپیک کە بەردەوامن لە گەیشتن بە دەستکەوت و بەرزکردنەوەی ناوی وڵات لە گۆرەپانە نێودەوڵەتییەکاندا، جەختیشی کردەوە کە ئەم پاڵەوانانە شایستەی هەموو پاڵپشتی و گرنگیدان و پێزانین، جەختیشى لە گرنگیدان بە وەرزشی تاکەکەسی و دابینکردنی ڕاهێنان و چاودێری و پاڵپشتی پێویست بۆ وەرزشوانانی بەهرەمەند کردەوە، ئەمەش وایان لێدەکات بتوانن پەرە بە تواناکانیان بدەن و نوێنەرایەتی عێراق بکەن لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکان. دووپاتیشی کردەوە کە وەبەرهێنان لە وەرزشدا وەبەرهێنانە لە مرۆڤ و توانای گەنجانی عێراق.

لای خۆیەوە نەجلە عیماد سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆککۆمار دەربڕی بۆ پشتیوانی بەردەوامی لە وەرزشوانان، ئیرادەی خۆی بۆ بەردەوامبوون لە بەدەستهێنانی دەستکەوتەکان و بەرزکردنەوەی ناوی عێراق لە گۆڕەپانە نێودەوڵەتییەکان دووپاتکردەوە.

هەرێز جەمال

1 کاتژمێر پێش ئێستا