مۆڵەتی شۆفێرییەکەی سەڵاح لە بەریتانیا ڕاگیرا

نەورۆز عوسمان 2 کاتژمێر پێش ئێستا

پوختەی هەواڵ:

  • مۆڵەتی شۆفێریی محەممەد سەڵاح بۆ ماوەی شەش مانگ ڕاگیرا و 769 یۆرۆ سزای دارایی بەسەردا سەپێنرا.
  • سزاکە بەهۆی ئەوەوە بووە کە ئامادە نەبووە ناوی شۆفێرەکەی ئاشکرا بکات لە کاتێکدا بە خێراییی زیاد لە خێراییی دیاریکراو لە کامێرای چاودێریی شەقامەکانی لیڤەرپووڵی داوە.
  • دادگای وارینگتن بڕیارەکەی بە شێوەی (ئامادەنەبوون) دەرکرد دوای ئەوەی سەڵاح وەڵامی داواکارییەکانی دادگای نەدایەوە.
  • یاریزانە میسرییەکە پێشتریش لە ساڵانی 2018 و 2022دا تووشی سەرپێچیی هاوشێوەی هاتووچۆ ببووەوە.

محەممەد سەڵاح، هێرشبەری میسریی یانەی ترابزۆنسپۆری تورکی، سزای ڕاگرتنی مۆڵەتی شۆفێری لە ئینگلتەرا بۆ ماوەی شەش مانگ بەسەردا سەپێنرا، دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلە ڕۆڵس ڕۆیسەکەی، کە بەهاکەی لە 466 هەزار یۆرۆ زیاترە، بە خێرایییەکی زۆرەوە لە کامێرای شەقامەکانی لیڤەرپووڵەوە تۆمار کرا.

ڕۆژنامەی «زە سەنی» بەریتانی ئاماژەی بەوە کردووە، سەڵاحی تەمەن 34 ساڵ، زانیاریی بە پۆلیس نەداوە دەربارەی ناسنامەی ئەو کەسەی لە مانگی 3ی 2026دا ئۆتۆمبێلەکەی لێخوڕیوە.

وەڵامی دادگای نەدایەوە

لە مانگی 8ی ڕابردوودا، دادگایەک لە وارینگتن بەهۆی ئاشکرانەکردنی شۆفێرەکە، سەڵاحی بە شێوەی (ئامادەنەبوون) تاوانبار کرد و بڕیاری دادگاکەش ڕاگرتنی مۆڵەتەکەی بووە بۆ ماوەی شەش مانگ و پێبژاردنی بە بڕی 769 یۆرۆ.

سەڵاح وەڵامی دوو ئاگادارکردنەوەی دادگاشی نەدابووەوە کە دوو ڕۆژ دوای ڕاگەیاندنی ڕۆیشتنی لە لیڤەرپووڵ ئاڕاستەی کرابوو، بۆیە دادوەر ئامادە نەبوو داوای زیاتر و ڕوونکردنەوەی دیکەی ئاڕاستە بکات و ڕاستەوخۆ لەبارەی ڕووداوەکەوە بڕیاری سزادانی دا.

یەکەمجار نییە

ئەمەش یەکەم جار نییە کە سەڵاح ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە؛ لە ساڵی 2022دا بەهۆی خێراییی زۆری فێرارییەکەی پێبژاردنی دارایی بۆ کرابوو، لە ساڵی 2018شدا لە کاتی شۆفێریدا مۆبایلی بەکارهێناوە و بە هەمان شێوە پێبژاردنێکی دیکەشی لەناو دۆسیەی شۆفێریکردنەکەیدا هەبووە.

نەورۆز عوسمان

2 کاتژمێر پێش ئێستا