ئەتلەتیکۆ مەدرید ڕیکۆردی جەماوەریی تۆمار کرد
پوختەی هەواڵ:
- ئەتلەتیکۆ مەدرید ژمارەیەکی پێوانەیی نوێی ئامادەبوونی جەماوەریی لە یاریگەی خۆیدا تۆمار کرد.
- لە یاریی دێربیی مەدرید لەنێوان ئەتلەتیکۆ و ڕیاڵ مەدرید 70 هەزار و 514 هاندەر لە یاریگەدا ئامادە بوون.
- ئەتلەتیکۆ یارییەکەی بە ئەنجامی 2 - 1 بردەوە و دوای حەوت گەڕ لە لالیگا پێش ڕیاڵ مەدرید کەوت.
- ڕێژەی ئامادەبوون تەنها 300 هاندەر لە توانای تەواوی یاریگاکە کەمتر بوو، کە 70 هەزار و 813 کورسییە.
یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید ژمارەیەکی پێوانەیی نوێی لە ڕێژەی ئامادەبوونی جەماوەریدا لە یاریگەی «ڕیاز ئێرلاینز میترۆپۆلیتانۆ» تۆمار کرد، کاتێک لە چوارچێوەی یارییەکانی خولی ئیسپانیادا ڕووبەڕووی ڕیاڵ مەدرید بووەوە.
ئەتلەتیکۆ یارییەکەی بە ئەنجامی 2 - 1 لە بەرژەوەندیی خۆی کۆتایی پێهێنا و دوای تێپەڕبوونی حەوت هەفتەی لالیگا، لە ڕیزبەندیی خولەکەدا پێش یانەی شاهانەی هاوسێی کەوت.
ئەتلەتیکۆ سوپاسی هاندەرانی کرد
یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا نووسیویەتی: «یاریگە و جەماوەرەکەمان لە دێربیی مەدرید دەستکەوتێکی نوێیان تۆمار کرد بە ئامادەبوونی 70 هەزار و 514 هاندەر، ژمارەیەکی پێوانەیی نوێیان لە پاڵپشتیکردنی تیمەکەماندا نووسییەوە.»
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە ئامادەبوونی جەماوەر زۆر نزیک بووە لە توانای تەواوەتیی یاریگەکە کە 70 هەزار و 813 کورسییە، واتە تەنها 300 هاندەر لە پڕبوونی تەواوی یاریگەکە کەمتر بووە.
لە کۆتاییشدا یانەکە سوپاسی جەماوەرەکەی دەکات و نووسیویەتی: «بە گەیشتن بەم ئاستە نوێیە، هاندەرانمان سەلماندیانەوە کە وێنەیان نییە، سوپاس بۆ ئاشقانی ئەتلەتیکۆ بۆ بەردەوامی لە پاڵپشتی و پشتیوانییەکانیان.»
2 کاتژمێر پێش ئێستا