گرووپە چەکدارەکانی عێراق لەبارەى هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لۆمەی یەكتری دەکەن
گرژی و شەڕی ساردی گرووپە چەکدارەکانی عێراق لەبارەی بەشداربوون و بەشدارینەکردن لە هێرشکردنە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق، ماوەی دوو رۆژە گواستراوەتە ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و لەو بارەیەوە لۆمەی یەكتری دەكەن.
ئەبو حوسێن حەمیداوی سەرۆکی کەتائیبی حیزبوڵای عێراق هاوکات لەگەڵ ئاگربەست لە غەززە، کەمکردنەوەی هێرشەکانی لە دژی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە راگەیاند و لە پەیامەکەیدا سوپاسی گروپەکانی ئەنساروڵا، بزووتنەوەی نوجەبا، کەتائیبی سەیدول شوهەدا و کەتائیبی حیزبوڵا کردبوو، بەڵام باسی لە عەسائیبی ئەهلی حەق و بەدر و گروپە چەکدارەکانی دیکەی عێراق نەکردبوو.
هەروەها کەتائیبی حیزبوڵا لە دوای ئاگربەستەکەی غەززە و کەمکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا، رەخنەی لەو گروپە چەکدارانە گرتبوو، کە بەشدارنەبوون لە هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا، ئەوەش بە گوێرەى رۆژنامەیەکى قەتەرى کە لە لەندەن چاپ دەكرێت.
ئەوە بووە هۆی وەڵامدانەوە و دروستبوونی گرژیی لە راگەیاندنەکاندا لە نێوان عەسائیب و حیزبوڵادا. جەعفەر حوسێنی گوتەبێژی حیزبوڵا رایگەیاندووە، بە گوێرەی دانپیادانانەکانی "دوژمن" ئاست و قەبارەی هێرشەکانیان دیارە و هیچ هێرشکیان لە ئەستۆ نەگرتووە، کە بە گوتەی ئەوان "دوژمن" دانی پیادا نەنابێت.
راشیگەیاندووە، ئەگەر گروپەکانی دیکە بەشدارییان لە هێرشەکاندا بکردایە، ئەوە ئاست و قەبارەی هێرشەکان زۆر زیاتر دەبوون.
لە بەرامبەردا عەسائیب ناڕەزایەتیی لەو لێدوانانەی حیزبوڵای عێراق دەربڕیوە و جەواد تەلیباوی گوتەبێژی عەسائیب رایگەیاندووە، ئەو لێدوانانە رۆڵی گروپەکانی دیکەی لەبەرچاو نەگرتووە و بەرگری ئەرکی شەرعی و نیشتمانییە، بەرگری بنەمای جێگیری خۆی هەیە و هیچ کەس لە هیچ گروپێکی بەرگریدا مافی ئەوەی نییە، هێرش بکاتە سەر گروپەکانى دیکە.
هەروەها ئەندامانی گروپە چەکدارەکانی عێراق، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، وەڵامی یەکدییان داوەتەوە و رایانگەیاندووە، ئەو گروپانەی باڵی سیاسییان هەیە، پۆستی حکومی و وەزارەتیان لە بەرگری بەلاوە گرنگترە.
لەو چوارچێوەیەدا، ئەندامێکی کۆمسیۆنی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە، ئەو لێدوانانە نیشانەی نەبوونی حکومەتێکی راستەقینەیە. دیاریش نییە ئەو گروپانە لەسەر چیی دیکە بارگرژیی دیکە دروستدەکەن. ئەوەش کاریگەریی لەسەر ئاسایشی گشتیی وڵات دەبێت.
فیراس ئەلیاس، شیکەرەوەیەکی سیاسیی عێراقە و باس لە لاوازیی سیستمی سیاسی لە عێراق دەكات و گوتوویەتی، هەموو شتێک لە عێراق ناکۆکیی و بارگرژیی لەسەرە، سیستمی سیاسیی، هەڵبژاردن، حیزبەکان و گرووپە چەکدارەکان لەگەڵ یەکدا لە ناکۆکیدان، ئەوەش زەقترین نیشانەیە بۆ شکستی حکومەت.
ئەو بارگرژییانە لە کاتێکدایە، گرووپە چەکدارەکان لە دوای شەڕەکەی غەززە، ژمارەیەک هێرشیان کردبووە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا.
28/11/2023