سەردار ئازمون دوای چوار مانگ گەڕایەوە بۆ هەڵبژاردەی ئێران
سەردار ئازمون ، هێرشبەری دیاری ئێرانی، جارێکی دیکە بانگێشتی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی کرایەوە، ئەوەش دوای چوار مانگ لە دوورخستنەوەی لە پێکهاتەی بەشدار لە جامی جیهانیی 2026 لە ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا.
ئەمیر قەلعەنۆیی، ڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئێران، لە مانگی ئایاری ڕابردوودا ئازمونی بەهۆی پۆستێکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دوورخستبووەوە، کە لە کاتی گرژییە سیاسییەکانی نێوان ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلدا تووڕەیی دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی لێکەوتبووەوە.
ڕاهێنەری ئێران ناوی ئەو هێرشبەرەی یانەی شەباب ئەهلی دوبەی ئیماراتیی لە لیستێکی 26 یاریزانیدا جێگیر کردووە بۆ ئەنجامدانی دوو یاری دۆستانە بەرامبەر ئۆزبەکستان لە ڕۆژی پێنجشەممە و بەرامبەر ڕووسیا دوای پێنج ڕۆژ لەو یارییە. ئازمون تا ئێستا لە 91 یاری نێودەوڵەتیدا 57 گۆڵی بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی تۆمارکردووە.
لای خۆیەوە، سەبارەت بە گەڕانەوەی ئازمون نووسیویەتی: بەڕاستی نازانم چۆن بە وشە هەستەکانم دەربڕم، لە ساڵی 2014وە تا ئەمڕۆ ئەزموونی زۆرم بەپۆشینی ئەم درێسەوە بینیوە. لەگەڵ هەڵبژاردەدا بووم و دوورکەوتوومەتەوە، دوورخراومەتەوە و دواتر گەڕاومەتەوە، بەڵام لە هیچ کام لەو قۆناغانەدا هەستم نەکردووە لە هەڵبژاردەکە دابڕابم.
2 کاتژمێر پێش ئێستا