بەهۆى خواردنى شاورمەوە لە هەولێر 150 کەس ژەهراوی بوون

ئارام قەرەداغی 2 کاتژمێر پێش ئێستا

پووختەی هەواڵەکە:

  • قایمقامییەتى هەولێر: ئەو دوو کەسەى شاورمەکەیان فرۆشتووە دەستگیرکران
  • پۆلیسی هەولێر: دوو تۆمەتبارەکە هیچ مۆڵەتێکی تەندروستی و شارەوانییان نەبووە
  • چارەسەرى ئەو کەسانە کراوە کە سەردانى نەخۆشخانەیان کردووە.

لە گەڕەکى فەرمانبەرانى هەولێر بەهۆى فرۆشتنى شاورمەى ناتەندروست بە هاونیشتمانییان 150 کەس لە خوێندکارانى خوێندنگەیەک و هاونیشتمانییانى سنوورەکە ژەهراویی بوون، بەڕێوەبەرایەتى تەندروستیی هەولێریش دەڵێت، چارەسەرى ئەو کەسانە کراوە کە سەردانى نەخۆشخانەیان کردووە و قایمقامییەتى هەولێریش دەڵێت" فرۆشیارانى شاورمەکە دوو کەس بوون و دەستگیرکراون".



 لێدوانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی و قایمقامی هەولێر

  • ئەو کەسانەی کە ژەهراوی بوون لە بەشى فریاکەوتنی نەخۆشخانەی ڕزگاری داخڵکراون و چارەسەرى پێویستیان بۆکراوە.
  • باری تەندروستییان جێگیرە و بەدوداچوون کراوە بۆئەوەى بزانرێت کەسانى دیکە ژەهراوی نەبوون.
  • دوو کەس کە فرۆشیارى شاورمەکە بوون دەستگیرکراون و دەستکراوە بە لێکۆڵینەوە لە هۆکارى ژەهراویبوونى ئەو کەسانەى شاورمەکەیان خواردووە.
  • لە ئەنجامی بەدواداچوونەکان، دەرکەوت کە دوو تۆمەتبارەکە هیچ مۆڵەتێکی تەندروستی و شارەوانییان نەبووە و سەرلەبەری کارکردنیان قەدەغە بووە.


بەڕێوەبەرایەتى گشتیى تەندروستیى هەولێر لەبارەى ڕووداوەکە ڕایگەیاند، ئەو کەسانەی کە ژەهراوی بوون لە بەشى فریاکەوتنی نەخۆشخانەی ڕزگاری داخڵکراون و چارەسەرى پێویستیان بۆکراوە، باری تەندروستییان جێگیرە و بەدوداچوون کراوە بۆئەوەى بزانرێت کەسانى دیکە ژەهراوی نەبوون.

دوو کەس دەستگیراون کە فرۆشیاری شاورمەکە بوون


نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامى هەولێریش بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، دوو کەس کە فرۆشیارى شاورمەکە بوون دەستگیرکراون و دەستکراوە بە لێکۆڵینەوە لە هۆکارى ژەهراویبوونى ئەو کەسانەى شاورمەکەیان خواردووە.

ڕوونکردنەوەی پۆلیسی هەولێر


پۆلیسی هەولێر لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەڵێت، لە ئەنجامی بەدواداچوونەکان، دەرکەوت کە دوو تۆمەتبارەکە هیچ مۆڵەتێکی تەندروستی و شارەوانییان نەبووە و سەرلەبەری کارکردنیان قەدەغە بووە.

دەشڵێت، بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی هەولێر، تۆمەتباران ڕاگيراون و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە.

پەیامنێرى کەناڵ8 چووەتە ئەو شوێنەى کە شاورمەکەى تێدا فرۆشراوە، هاونیشتمانییەک دەڵێت، لە پاش خواردنى شاورمەکە ڕاستەوخۆ تەندروستی تێکچووە.

ئارام قەرەداغی

2 کاتژمێر پێش ئێستا