ئەنجوومەنی وەزیران پرسی یەکخستنەوەی پێشمەرگە و مووچەکانیان تاوتوێ دەکات
پووختەی هەواڵەکە:
- ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا کۆدەبێتەوە.
- وەزیری پێشمەرگە ڕاپۆرتی قۆناغەکانی یەکخستنەوەی هێزەکان دەخاتە بەردەم کابینەکە.
- هەوڵەکان بۆ هاوتاکردنی مووچەی پێشمەرگە لەگەڵ سوپای عێراق تاوتوێ دەکرێن.
- کابینەکە پێشنیازی جێبەجێکردنی یاسای فیدراڵیی کۆمپانیا گشتییەکان تاوتوێ دەکات.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا، پڕۆسەی یەکخستنەوەی پێشمەرگە و داڕشتنی نەخشەڕێگای قۆناغی داهاتوو لەسەر مێزی گفتوگۆ یەکلایی دەکاتەوە. ئەم کۆبوونەوەیە بەستراوەتەوە بە هەوڵەکانی حکومەت بۆ هاوتاکردنی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە لەگەڵ هێزە فیدراڵییەکان، لەپاڵ چەسپاندنی چەند بڕیارێکی ئابووریی هاوبەش لەگەڵ بەغداد.
دۆسیەی پێشمەرگە و هاوتاکردنی مووچە:
- خستنەڕووی ڕاپۆرتی شۆڕش ئیسماعیل وەزیری کاروباری پێشمەرگە سەبارەت بە تەواوبوونی پڕۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکان لەژێر چەتری وەزارەت.
- تاوتوێکردنی هەنگاو و پلانە سەربازییەکانی قۆناغی داهاتوو دوای یەکگرتنەوەی فەرمیی سەرجەم یەکەکان.
- خستنەگەڕی هەوڵە حکومییەکان بۆ یەکسانکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی پێشمەرگە لەگەڵ هاوتاکانیان لە دامەزراوەکانی بەرگریی عێراق.
- تەرخانکردنی پێداویستییە دارایی و لۆجستییەکان بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەی تواناسازی و پێشخستنی سەربازی.
دۆسیەی ئابووری و جێبەجێکردنی یاسای فیدراڵی:
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیران دۆسیەیەکی یاسایی و دارایی تاوتوێ دەکات کە لەلایەن وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، سەرۆکی دیوان و سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پێشکەش کراوە؛ بابەتەکە تایبەتە بە تاوتوێکردنی پێشنیازی جێبەجێکردنی یاسای فیدراڵیی کۆمپانیا گشتییەکان ژمارە 22ـی ساڵی 1997ـی هەموارکراو لە هەرێمی کوردستاندا، بە ئامانجی ڕێکخستنەوەی کۆمپانیا گشتییەکان بەپێی یاسا فیدراڵییە کارپێکراوەکان.
زانیاری لەسەر بابەتەکە:
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران کاتژمێر 10ـی بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە 23ـی ئەیلوولی 2026 لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا لە هەولێر بەڕێوەدەچێت؛ ئەم دانیشتنە لە کاتێکدایە کە هەفتەی ڕابردوو تەواوبوونی پڕۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی 11 فیرقەی سەربازیدا بە فەرمی ڕاگەیەندرا.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ:
ئەنجوومەنی وەزیران پرسی یەکخستنەوەی پێشمەرگە و یاسای کۆمپانیاکان تاوتوێ دەکات
1 کاتژمێر پێش ئێستا