یامال: باڵۆندۆر بۆ ئەو یاریزانەیە کە چێژ دەبەخشێت، نەک تەنیا گۆڵ بکات
لامین یامال، ئەستێرەی یانەی بەرشلۆنە و هەڵبژاردەی ئیسپانیا، پێیوایە خەڵاتی باڵۆندۆر بۆ باشترین یاریزانی جیهان دەبێت بدرێت بەو یاریزانەی کە چێژ بە هاندەران دەبەخشێت و لە پێناو ئەودا سەیری یارییەکان دەکرێت.
یامال ئاماژە بەوە دەکات کە بۆ بردنەوەی ئەو خەڵاتە گەورەیە، زیاتر پشت بە شێوازی یارییکردنی دەبەستێت نەک تەنیا ئامارەکان و ئەو نازناوانەی بەدەستی هێناون.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی لیکیپـی فەرەنسی، ئەستێرە ئیسپانییەکە گوتی: "باڵۆندۆر خەڵاتێکە دەدرێت بە باشترین یاریزان، واتا ئەو یاریزانە ناوازەیەی کە لە پێناویدا سەیری یارییەکان دەکەیت، ئەوە بنەمای سەرەکییە؛ کە یاریزانێکی ناوازە بیت."
هەروەها گوتیشی: "نابێت بابەتەکە تەنیا پەیوەست بێت بە ژمارەی گۆڵەکان یان هەر پێوەرێکی دیکەوە. کاتێک بیر لە باڵۆندۆر دەکەمەوە، یاریزانانێکی وەک لیۆنێل مێسی و ڕۆناڵدینیۆ و ئەو ئاستە چێژبەخشەی پێشکەشیان دەکرد، دێنە یادم."
لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: "بەڵام پێموایە شێوازی یارییکردنم بەهێزترین تایبەتمەندیمە و ئەوەشە کە لە بەربژێرەکانی دیکەم جیادەکاتەوە، کۆکردنەوەی دەستکەوتە تاکەکەسی و بەکۆمەڵەکان دەمکەنە بەربژێرێکی بەهێز. ئەوە هۆکارێکی گرنگە لە پاڵ ئەوەی یاریزانێکی باش بیت، چونکە باشترین ئەو کەسەیە کە سەرکردایەتی تیمەکەی دەکات بۆ بردنەوە و نازناوەکان، چونکە بردنەوەکان لە بەرژەوەندی هەموواندایە."
60 خولەک پێش ئێستا