کیمیچ: ئەڵمانیا دەگەڕێنینەوە پێگە شایستەکەی خۆی

نەورۆز عوسمان 1 کاتژمێر پێش ئێستا

پوختەی هەواڵ:

  • جۆشوا کیمیچ، کاپتنی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، بەرپرسیارێتیی شکستی هەڵبژاردەکە لە سێ مۆندیالی ڕابردوودا دەگرێتە ئەستۆ.
  • کیمیچ دۆڕاندنی ئەڵمانیا بەرامبەر پاراگوای لە قۆناغی 32 بە سەختترین شکستی کاروانی وەرزشیی خۆی وەسف دەکات.
  • مانشافت بە ڕاهێنەرایەتیی یۆرگن کلۆپ قۆناغێکی نوێ لە خولی نەتەوەکانی ئەورووپادا دەست پێ دەکات.
  • کیمیچ دوای 114 یاریی نێودەوڵەتی، جەخت لە گەڕاندنەوەی ناسنامەی تۆپی پێی ئەڵمانیا و دڵخۆشکردنەوەی هاندەران دەکاتەوە.

جۆشوا کیمیچ، کاپتنی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، کە دوای سێ شکستی یەک لەدوایەک لە مۆندیالدا، هەست بە بەرپرسیارێتییەکی گەورە دەکات و تەواوی سەرنج و وزەی بۆ گۆڕینی داهاتوو و گەڕاندنەوەی زەردەخەنە بۆ سەر لێوی هاندەران تەرخان کردووە.

'مانشافت' لە قۆناغی کۆمەڵەکانی مۆندیالی 2018 و 2022 و لە دوایین مۆندیالیشدا (2026) بە لێدانی یەکلاکەرەوە بەرامبەر پاراگوای لە قۆناغی 32دا ماڵئاوایی کرد.

کیمیچ لەم بارەیەوە دەڵێت: "ئەم ماڵئاواییەی 2026 سەختترینیان بووە و پێویستی بە کاتێکی دوورودرێژ بوو بۆئەوەی لە کارەساتەکەی تۆپی پێی ئەڵمانیا تێبگەم."

ئێستا هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بە ڕاهێنەرایەتیی یۆرگن کلۆپ، کە شوێنی جولیان ناگلسمانی گرتووەتەوە، بەرەو قۆناغێکی نوێ هەنگاو دەنێت، سبەی پێنجشەممە لە خولی نەتەوەکانی ئەورووپادا و لە یەکەم تاقیکردنەوەیدا ڕووبەڕووی هۆڵەندا دەبێتەوە.

کیمیچ کە 114 یاریی نێودەوڵەتیی ئەنجامداوە، ئاماژەی بەوە دا کە کلۆپ وزە و جۆشخرۆشییەکی بێئەندازەی بەخشیوەتە تیمی 'مانشافت' و ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت لە دەستنیشانکردنەوەی ناسنامە و گەڕاندنەوەی ئەڵمانیا بۆ پێگە شایستەکەی خۆی.

نەورۆز عوسمان

1 کاتژمێر پێش ئێستا