پاش کەمێکی دیکە عێراق یاری هەیە

مەستان حوسامەدین 1 کاتژمێر پێش ئێستا

جارێکی دیکە شێرەکانی هەڵبژاردەی عێراق لە پالەوانێتییەکی گەورە و گرنگ بەشداریی دەکەن و ئەمجارە ئامانجیان بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باشترە.

هەڵبژاردەی عێراق لە جامی کەنداوی 27 لە وڵاتی سعودیە ڕکابەریی دەکات.

شێرەکانی رافیدەین ئەمڕۆ کاتژمێر 17:30لە یاریگای شا عەبدوڵا فەیسەڵ لە شاری جەدەی سعودیە ڕووبەڕووی هەڵبژاردەی عوممان دەبێتەوە.

گراهام ئارنۆڵدی ئوستراڵی و راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق، لە مانگی پێنجی 2025 ئەرکی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەکەی گرتە دەست، بۆ یەکەمجاریش توانی دوای 40 ساڵ عێراق بگەیەنێتە مۆندیال، بەڵام لە مۆندیالی 2026 کەوتنە گروپی مەرگەوە، کاتێک ڕووبەڕووی نەرویج، فەرەنسا و سینیگال بوونەوە، وە ئاستێکی باشیان پێشکەش نەکرد و لە هەر سێ یارییەکەی قۆناغی کۆمەڵەکان شکستیان هێنا.

ئێستا ڕووداوەکانی مۆندیال لەبیرکراون، شێرەکانی ڕافیدەین لەگەڵ یاریزانە کوردەکان ئامانجیان بردنەوەی جامی کەنداوە، کە هاوکات 15ـەمین جارە بەشداریی دەکەن و پێشتر چوار جار جامەکەیان بەرزکردووەتەوە کە لە ساڵانی 1979، 1984، 1988 و 2023 بوو.

گەر عێراق لەم پاڵەوانێتییە ئاستێکی باش پێشکەشبکات و نازناوەکە بباتەوە، ئەوا دەبێتە مایەی شانازی بۆ کوردەکانیش چونکە پێنج یاریزانی کورد کە محەمەد دلاوەر، ئاکام هاشم، مستەفا قابیل، ئیمام یوسف و مێرخاس دۆسکین لە پێکهاتەکە بوونیان هەیە.

گراهام ئارنۆلدی راهێنەر دڵنیاییدا کە بە خۆڕایی لەم پاڵەوانێتییە بەشداریی ناکەن و ئامانجیان زۆر گەورەیە، بە پاڵپشتی هاندەرانیش تەواوی هەولی خۆیان دەدەن تاوەکو بپ پێنجەمجار نازناوەکە ببەخشنە گەلی عێراق.

مەستان حوسامەدین

1 کاتژمێر پێش ئێستا