کڵۆپ: هیچ بەڵێنێک بۆ بردنەوەی نازناوەکان نادەم

مەبەست عەدنان 1 کاتژمێر پێش ئێستا

یۆرگن کڵۆپ، ڕاهێنەری نوێی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، ڕەتیکردەوە هیچ بەڵێنێک لەبارەی بەدەستهێنانی نازناوەکانەوە بدات، بەڵام جەختی لەوە کردەوە، کە دەبێت نیشانەکانی پێشکەوتن و باشتربوون لە تیپەکەیدا دەربکەون کاتێک ئەمشەو لە یەکەم یاریی ژێر سەرپەرشتی ئەودا، لە نەیشن لیگ ڕووبەڕووی هۆڵەندا دەبنەوە.

ڕاهێنەرەکەی پێشووی لیڤەرپووڵ، لە مانگی تەممووزی ڕابردوودا و دوای کرانە دەرەوە چاوەڕواننەکراوەکەی ئەڵمانیا لە مۆندیالی 2026 لەسەر دەستی پاراگوای، شوێنی جولیان نایگلسمانی گرتەوە. نایگلسمان دوای ماڵئاواییکردنیان لە قۆناغی چارەکی کۆتایی یۆرۆی 2024 ڕایگەیاندبوو، کە دڵتەنگە بەوەی دەبێت دوو ساڵ چاوەڕێ بکات بۆ بەرزکردنەوەی جامی مۆندیال، بەڵام ئەو خەونەی نەهاتە دی و تیپەکەی لە هاوینی ئەمساڵدا بەشێوەیەکی تراژیدی ماڵئاوایی لە مۆندیال کرد.

لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری ئەمستەردام، پرسیار لە کڵۆپ کرا دەربارەی ئەو لێدوانەی کە لە سەرەتای کارکردنی لەگەڵ لیڤەرپووڵ دابووی (کە ئەگەر چوار ساڵ بمێنێتەوە ئەگەری زۆرە نازناوێک بباتەوە، کە دواتر پرڵمەرلیگ و چامپیۆنزلیگی بردەوە)، بەڵام ئەمجارە کڵۆپ زۆر وریاتر وەڵامی دایەوە و گوتی: "نامەوێت بەڵێنی هیچ شتێک بدەم. ئەوەی دەتوانم بیڵێم ئەوەیە کە ئێمە هەوڵدەدەین و ئێستا بابەتەکە هەر ئەوەیە. لە کاتی ئێستادا ئەمە پێگەی ئێمەیە."

ئەڵمانیا کە خاوەنی چوار نازناوی مۆندیالە، لە سێ مۆندیالی ڕابردوودا بە زوویی ماڵئاوایی کردووە، و لە دوای بەدەستهێنانی مۆندیالی 2014ـەوە تامی سەروەریی لە پاڵەوانێتییە گەورەکاندا نەکردووە.

مەبەست عەدنان

1 کاتژمێر پێش ئێستا