فیوری و جۆشوا ڕووبەڕوو دەبنەوە

نەورۆز عوسمان 2 کاتژمێر پێش ئێستا

پوختەی هەواڵ:

  • تورکی ئال شێخ ڕێکەوتی 11ی کانونی یەکەمی وەک ڕێکەوتی بەڕێوەچوونی ڕووبەڕووبوونەوەی مێژوویی نێوان تایسۆن فیوری و ئەنتۆنی جۆشوا دەستنیشان کرد.
  • ڕووبەڕووبوونەوەکە لە یاریگەی پرینسیپالیتی لە شاری کاردیفی پایتەختی وێڵز و لە چوارچێوەی یارییەکانی «زە ڕینگ» ساز دەکرێت.
  • ئەم یارییە دوای زیاتر لە دەیەیەک لە چاوەڕوانی و داواکاریی جەماوەری بۆکسێن ساز دەکرێت.
  • جۆشوا خاوەنی 30 سەرکەوتنە و فیوریش بە 36 سەرکەوتنەوە پێ دەنێتە ناو حەلەبەی بۆکسێنە مێژووییەکەوە.

تورکی ئال شێخ، ڕاوێژکار و سەرۆکی دەستەی گشتیی یارییە چێژبەخشەکان و سەرۆکی یەکێتیی بۆکسێنی سعودیە، ئاشکرای کرد کە ڕێکەوتی 11ی کانونی یەکەمی داهاتوو لە یاریگەی پرینسیپالیتی لە شاری کاردیفی پایتەختی وێڵز، لە چوارچێوەی ڕووبەڕووبوونەوەکانی «زە ڕینگ»، یارییەکی بۆکسێنی جیهانی لەنێوان دوو پاڵەوانی کێشی قورس، تایسۆن فیوری و ئەنتۆنی جۆشوا بەڕێوە دەچێت.

ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە بە یەکێک لە پڕچێژترین ڕووداوەکانی مێژووی بۆکسێن ئەژمار دەکرێت، بەوپێیەی زیاتر لە دەیەیەکە بابەتی ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان دوو بۆکسێنەرە بەریتانییەکە و یەکلابوونەوەی پاڵەوانی ڕاستەقینەی بەریتانیا بووەتە گەرمترین تەوەرەی گفتوگۆی هەوادارانی ئەم وەرزشە لە سەرانسەری جیهاندا.

جۆشوا بە تۆمارکردنی 30 سەرکەوتن (کە 27یان بە لێدانی کوشندە بووە) لەگەڵ چوار شکست گەیشتووەتە ئەم یارییە ئاگرینە، لە بەرامبەردا، فیوری مێژوویەکی بەهێزتری هەیە کە لە 36 سەرکەوتن (25یان بە لێدانی کوشندە)، دوو شکست و یەکسانبوونێک پێک دێت.

لە 11ی کانونی یەکەمی 2026، سەرنجی جیهانی بۆکسێن دەچێتە سەر شاری کاردیف؛ شوێنێک کە تێیدا هەردوو ئەستێرە ناودارەکەی کێشی قورس بۆ یەکەمجار لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی فەرمیدا بەیەک دەگەن.

نەورۆز عوسمان

2 کاتژمێر پێش ئێستا