بەهاى دینار بەرامبەر دۆلار بەرزبوونەوەى تۆمارکرد
پووختەى هەواڵەکە
- بەهاى دینار بەرامبەر دۆلار بەرزبوونەوەى تۆمارکرد.
- 100 دۆلار بە 157,000 دینارە.
- عەلى زەیدى لەگەڵ دامەزراوەو بانکەکانى ئەمریکا لە نیویۆرک کۆبوویەوە.
- سەردانى سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ ئەمریکا بەهاى دینارى بەرزکردەوە.
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی ئەمریکاى کرد و بەشداری لە کۆبوونەوەی لوتکەی خولی 81ـەمینی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کردو لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتەیەکگرتووەکانى ئەمریکا کۆبوویەوە.
کۆبوونەوەکانى زەیدى لە نیویۆرک و واشنتن
- عەلى زەیدى سەرۆکوەزیرانى عێراق لەگەڵ بانک و دامەزراوە داراییەکانى ئەمریکا کۆبوویەوە و ڕایگەیاند" عێراق دەیەوێت هاوبەشییەکى کارا لەگەڵ بانک و دامەزراوەکانى ئەمریکا بونیادبنێت".
- ئەم سەردان و کۆبوونەوانەى زەیدى لە واشنتن کە وەزیرى دارایی و کارەبا و ئەمیندارى گشتى ئەنجوومەنى وەزیرانى لەگەڵ بووە، ڕۆڵى دەبێت لە بەهێزکردنى پەیوەندییە ئابوورییەکانى نێوان عێراق و ئەمریکا، ئەمەش کاریگەرى لەسەر بەهێزکردنى دراوى نیشتمانى دەبێت بەرامبەر دۆلارى ئەمریکى.
- زیادبوونى هەناردەى نەوتى عێراق، کاریگەرى لەسەر باشتربوونى دۆخى دارایی هەیە کە بەهۆى جەنگى ئێرانەوە هەناردەى نەوت بۆ گەیشتە نزیک سفر، بەڵام ئیستا رۆژانە چوار ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل بەرهەمدەهێندرێت و زیاتر لە 70 ملیۆن بەرمیل لەمانگى ڕابردوو هەناردە کراوەو باسم محەممەد وەزیرى نەوتیش دەڵێت "هەناردەى نەوتى عێراق نیمچە ئاساییبووەتەوە"، واتا بۆ مانگى ئەیلول زیاتر دەبێت لە داتاى مانگى ئاب کە 70 ملیۆن بووە، لە کاتێکدا عێراق پێش جەنگى ئێران 100 بۆ 105 ملیۆن بەرمیل نەوتى لە مانگێکدا هەناردە کردووە.
- هاوکات، گۆڕینى زیاتر لە 10 ملیۆن دۆلارى پارەى هاوکارى هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە لە هەفتەى ڕابردوو کاریگەرییەکى کەمى هەبووە بۆ بەرزکردنەوەى بەهاى دینار.
پرسە سەرەکییەکان
بە گشتیی هەموو چاوەکان لەسەر دوو پرسى سەرەکین بۆ بەرزبوونەوەى بەهاى دینار بەرامبەر دۆلار، یەکەمیان جێبەجێکردنى سیستمى ئەسیکۆدا پێدانى دۆلار لە سەکۆى ئەلیکترۆنى بانکى ناوەندیی عێراق بۆ سەرجەم بازرگانان، تاوەکو بازرگانان پەنا نەبەنە بەر بازاڕەکانى دراو، هاوکات فرۆشتى نەوتى عێراق کە زۆرینەى پارەکەى دەچێتە ئەمریکا، مانگانە دۆلارى پێویست بگاتەوە بە عێراق، ئەم دوو خاڵە بە بنەماى سەرەکى دادەنرێت لەم دۆخەدا بۆ بەهێزبوونى بەهاى دینار.
بەهاى دینار لە بەرامبەر دۆلار
هەر لەمساڵدا بەهاى دینار بەرامبەر دۆلار 141 هەزار دینارى بەخیۆیەوە بینیوە، بۆیە هەنگاوەکانى زەیدى لە واشنتن و گەیشتى دۆلار لە ڕێگەى کارگۆى فڕۆکەخانەى بەغداد وادەکات بەهاى دینار بەرزببێتەوە و بێتەوە خانەى 150 بۆ 155 هەزار دینار.
کەیفى خۆشناو، گوتەبێژى بازاڕى دراوى هەولێر بە کەناڵ8ـى گوت" تاوەکو دۆلار لە بازاڕدا زۆر بێت بەهاى دینار بەرزدەبێتەوە، بەڵام تاوەکو پاش کۆتایی ئەم مانگە دینار بەرامبەر دۆلار ناجێگیر دەبێت کە کشانەوەى هێزەکانى هاوپەیمانانە لە عێراق".
ئەوەشى دووپاتکردەوە، وەک بازاڕى دراوى هەولێر لەبەرئەوەى هاونیشتمانیانى هەرێمى کوردستان و بەتایبەت مووچەخۆران، بە دینار مووچە وەردەگرن لەگەڵ ئەوەن دراوى دینار بەرامبەر دۆلار بەهێزبێت.
زانیارى زیاتر بۆ تۆ
بەهاى دینار لە هەشت مانگى ڕابردوو بەرامبەر دۆلار ناجێگیر بووە
لیژنەی دەروازە سنوورییەکان: ئامادەکاری بۆ جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی ئەسیکۆدا دەکرێت
38 خولەک پێش ئێستا