14 سەربازی کازاخستان لە کاتی مەشقی سەربازیدا ئاو بردنی و گیانیان لەدەستدا
شێوە عومەر 44 خولەک پێش ئێستا
پووختەى هەواڵەکە
- 14 سەربازی کازاخستان لەکاتی مەشقی سەربازیدا ئاو بردنی و گیانیان لەدەستدا
- وەزارەتی بەرگریی کازاخستان: ڕووداوەکە بەهۆی تێکچوونی لەناکاوی کەشوهەوا و ڕەشەبای بەهێزەوە بووە.
وەزارەتی بەرگریی کازاخستان، ڕایگەیاند، ژمارەی گیان لەدەستدان بە ڕووداوەکەی ڕۆژی پێنجشەممەی دەریای قەزوین، کە تیایدا 17 سەربازی کازاخستانی لەکاتی مەشقێکی سەربازیدا ئاو بردنی، بۆ 14 کەس بەزربووەوە.
لێدوانى بەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکومەتى کازاخى لەسەر ڕووداوەکە
- وەزارەتی بەرگریی کازاخستان، لە تێلیگرامەوە ڕایگەیاند، کۆتایی بە هەوڵەکانی گەڕان و ڕزگارکردن هاتووە و بەیانی ئەمڕۆ هەینی، تەرمی دوو سەربازی دیکە دۆزراونەتەوە.
- ڕۆژی پێنجشەممە، 17 سەربازی کازاخستان، لە کاتی ئەنجامدانی مەشقی سەربازی لە باشووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە، ئاو بردنی.
- بە گوتەی وەزارەتەکە، ڕووداوەکە بەهۆی تێکچوونی لەناکاوی کەشوهەوا و ڕەشەبای بەهێزەوە بووە.
- لیژنەیەک بە سەرۆکایەتی وەزیری بەرگری پێکهێنراوە، تاوەکو لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی پشت ڕووداوەکە بکات.
- وەزارەتەکە ڕاشیگەیاند:" سەرکردایەتی و کارمەندانی وەزارەتی بەرگری و هێزە چەکدارەکانی کۆماری کازاخستان پرسە و سەرەخۆشیی قووڵ و ڕاستگۆیانەی خۆیان ئاڕاستەی خێزان و کەسوکاری سەربازە کۆچکردووەکان دەکەن".
- وەزارەتی بەرگریی ئاماژەی بەوەش کرد، سەرجەم خێزانی سەربازە کۆچکردووکان، پشتیوانی دارایی و دەروونی وەردەگرن.
- هاوکات قاسم جۆمارت تۆکایێڤ، سەرۆکی کازاخستان، ڕۆژی هەینی وەکو ڕۆژی ماتەمینی لە سەرانسەری وڵاتدا ڕاگەیاند.
چۆنیەتی ڕووداوەکە
سەربازەکان لە کەناراوەکانی ناوچەی مانگستاو (سەر بە شاری ئاکتاو لە باشووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە) سەرقاڵی دابەزین بوون لە کەشتییەکی سەربازی لە ئاوێکی کەم قووڵدا کە (نزیکەی یەک مەتر) قووڵییەکەى بووە، بەڵام لەناکاو کەشوهەوا بەخێرایی گۆڕانکارى بەسەردادێت و شەپۆلە بەهێزەکان و باهۆز بەرەو دەریای کراوەیان دەبات. هاوکات لە کۆی 17 سەرباز کە کەوتبوونە ناو ئاوەکەوە، سێ سەربازیان ڕزگارکران و تەرمی 14 سەربازەکەی دیکەش دوای گەڕانێکی چڕ دۆزرانەوە. تەمەنی زۆربەی سەربازە کۆچکردووەکان گەنج بوون و لە دایکبوی ساڵانی نێوان 2005 بۆ 2007ن.
شێوە عومەر
44 خولەک پێش ئێستا