کۆبوونەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان بەبێ چارەسەرکردنی پرسی ئۆکرانیا کۆتاییهات
پووختەی هەواڵەکە
- کۆبوونەوەی ساڵانەی نەتەوەیەکگرتووەکان بەبێ خستنەڕووی چارەسەرێک بۆ پرسی جەنگی ئۆکرانیا کۆتاییهات.
- زێلێنسکی داوای توندکردنەوەی سزاکانی سەر ڕووسیا و سنووردارکردنی بازرگانی لەگەڵ موسکۆدا دەکات.
- لاڤرۆڤ ڕاگرتنی کاتیی جەنگەکەی ڕەتکردەوە و ئەورووپای بە هەوڵدان بۆ پڕکردنەوەی جبەخانەی کیێڤ تۆمەتبار کرد.
لە وتار و ڕاگەیێنراوی سەرکردەکانی جیهان و بەرپرسانی نەتەوەیەکگرتووەکاندا تەنیا هۆشداری دراوەتە سەر دەرهاوێشتەکانی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا و کاریگەرییە قورسەکانی لەسەر ئاسایشی خۆراک و وزەی جیهانی.
تەوەری سەرەکیی وتاری ئۆکرانیا و ڕووسیا
- یەکێتیی ئەورووپا و 50 وڵات لە ڕاگەیێنراوێکی هاوبەشدا داوای ئاگربەستی دەستبەجێ و بێ مەرجیان لە ڕووسیا کردووە.
- زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا داوای توندکردنەوەی فشار و سزاکانی سەر ڕووسیای کردووە بۆ وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی جەنگەکە.
- ڕووسیا لە 8 ماهی ئەمساڵدا 63 هەزار درۆنی هێرشبەری دژ بە ئۆکرانیا بەکارهێناوە، کە زیاتر لە 7 هەزار و 700 یان لە جۆری شاهید بوون.
- سەرۆکی ئۆکرانیا پێداگری لەسەر سنووردارکردنی بازرگانی لەگەڵ دەستدرێژکاراندا دەکاتەوە.
- سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا هەر جۆرە ڕاگرتنێکی کاتیی جەنگەکەی ڕەتکردووەتەوە.
هەڵوێستی کیێڤ لەبارەی سزاکان
ڤۆڵۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە وتارەکەیدا لە بارەگای سەرەکیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیویۆرک رایگەیاندووە، کاتێک لایەنێک لە ڕێگەی بازرگانییەوە ڕووسیا پارەدار دەکات، بەوە کاتێکی زیاتر دەدات بە جەنگەکە، بۆیە بە پێویستی دەزانن داهاتی موسکۆ وشک بکرێت.
هەڵوێستی موسکۆ لەبارەی ئاگربەست
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ئاماژەی بەوە کردووە، ڕووسیا ئامادەیە بۆ دانوستان بە مەبەستی بەدەستهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام و دادپەروەرانە، بەڵام ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بە هیچ جۆرێک بەشێوەی کاتی ڕاناگرن، چونکە ئامانجی ئەورووپا دەستەبەرکردنی پشوویەکە بۆ پڕکردنەوەی کەموکوڕیی جبەخانە سەربازییەکانی کیێڤ کە پەنا بۆ تاکتیکی تیرۆریستی دەبەن.
زانیاریی زیاتر لەسەر بابەتەکە
کۆبوونەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان نەک هەر هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاوی بۆ پرۆسەی ئاشتیی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا بەدنەهێنا، بەڵکو بووە سەکۆیەک بۆ نیشاندانی ناکۆکییە قووڵەکان. هەروەها پەککەوتنی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان بەهۆی مافی ڤیتۆی ڕووسیا و پێداگری هەردوولا لەسەر مەرجەکانیان سەبارەت بە کشانەوە و مانەوەی ڕووسیا لە خاکی ئۆکرانیا، وایکردووە ئاسۆی گەیشتن بە ئاشتی لە ڕێگەی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە بەچەقبەستوویی بمێنێتەوە.
زانیاریی زیاتر بۆ تۆ
سەرکردەکانی جیهان لە نەتەوەیەکگرتووەکان کۆدەبنەوە و چەندین قەیران تاوتوێدەکەن
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێران بابەتی گەرمی دانیشتنەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بوون
جەنگی دیپلۆماسی لە نەتەوەیەکگرتووەکان؛ جێهێشتنی هۆڵ لە کاتی وتارەکانی پزیشکیان، ترەمپ و ئەردۆغاندا
1 کاتژمێر پێش ئێستا